کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی کوردستان لە سەقز

18:09 - 15 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، کاک فەیزوڵڵا بەرایی ناسراو بە فەیزە ڕەش، باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی ئازاد بەرایی، لە رێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ساڵی ٨٨ی هەتاوی ویڕای هاوڕێیانی یووسف فەقیهی، حوسێن چۆمەڵوویی و سەیفوڵڵا دونیایی لە چەمی یاپشخانی شاری سەقز پاش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نامەرامبەری چەند کاتژمێری گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای پڕ سەروەری کرد.

ناوبراو ئینسانێکی لەسەرەخۆ، ڕەوشت‌بەرز، خاکەڕا و خاکی و خەڵکی بوو؛ لە پاش شەهیدبوونی کوڕەکەی واتە شەهید ئازاد بەرایی خەمی قورسی نیشتمانە داگیرکراوەکەی زیاتر لە کۆڵ نا و هەمیشە بە تامەزرۆییەوە چاوی لە داهاتووی پڕشنگداری گەلەکەی دەکرد.

پاش شەهیدکرانی هاوڕێ ئازاد بەرایی بنەماڵەی بەرایی و بەتایبەت باوکی شەهید ئازاد کەوتنە ژێر گوشارێکی کەموێنەی ناوەندە سەرکوتکەرە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم و ئازار و ئەزیەتێکی زۆر دران، بەڵام بەڕێزیان هەمیشە و بەردەوام بە شانازییەوە باسی لە ڕێگە و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی دەکرد و تا کاتی کۆچی دواییەکەشی هەر وەفادار بە ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدان بوو.

تەرمی ناوبراو ئەمڕۆ ١٥ی خەزەڵوەر بە بەشداریی سەدان کەس لە خەڵکی شاری سەقز لە گۆڕستانی ئایچیی ئەم شارە بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.