کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٤١ـەمین سێشەممەدا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، ڕایانگەیاندووە: لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەر هەتا ئیستا نزیک بە ٥٦ کەس لە سێدارە دراون و ئەوە لەکاتێکدایە تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا، لانیکەم ٢٣ کەس لە سێدارە دراون.
لەو بەیاننامەدا بەنیسبەت لەسێدارەدرانی بەندکراوی یەهوودی، ئاروین قارەمانی، لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا، هاتووە: "ڕەوتی دادگاییکردنی دۆسییەکەی نادادپەروەرانە و تەمومژاوی بووە''.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا، ئەندامانی ئەو کەمپەینە بەنیسبەت ٨ کەسی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە دۆسییەی ئێکباتاندا ڕایانگەیاندووە: ''بە سەرنجدان بە تۆمەتە قورسەکانیان، ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان زۆرە".
لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە، چوار بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی؛ عەیدوو شەبەخش، عەبدولغەنی شەبەخش، عەبدولڕەحیم قەنبورزەهی و سولەیمان شەبەخش کە هاوکات ئەندامی کەمپەینی نا بۆ لەسیدارەدرانن، سزای لەسێدارەدرانیان لە دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەگەری هەیە ئەو سزایە لە هەر ساتێکدا جێبەجێ بکرێت.
نووسەرە بەندکراوەکانی ئەو کەمپەینە لەو بەیاننامەیەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێویستە چالاکان لە هەر زەمینەیەکدا کە بۆیان دەلوێت بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییانە، هاواریان بەرزتر بکەنەوە و بکەرەکانی ئەو لەسێدارەدانانە لە قاو بدەن و کارێک بکەن کە وڵامدەر بن و ئەو ئامانجە تەنیا بە بەرخۆدان و هەوڵی هەمەلایەنەی خەڵک و تەواوی چالاکانەوە، سەر دەگرێت.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە هاوکات لەگەڵ کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٤١ـەمین حەفتەی خۆیدا، لە ٢٤ بەندیخانەدا، بەندکراوان مانیان گرتووە و ئەو بەندیخانانە بریتین لە: ''ئێڤین، بەندی ژنان و بەندی ٤ و ٨''، ''قزڵحەسار یەکەی ٣ و ٤''، ''بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، تاران، ئەراک، خۆڕماوا، ئەسەداوا، ئێسفەهان، شەیبان، ئەهواز، نیزام لە شیراز، بەم، کەهنووج، مەشهەد، قائیمشەهر، ڕەشت، ئەردەبێڵ، تەورێز، ورمێ، سەڵماس، خۆی، نەغەدە، سەقز، بانە، مەریوان و کامێران''.
هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ و هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی ٤ بەنکراوی سیاسیی کورد دەستی پێ کرد و بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە ماوەی ٤١ حەفتەیە بە مانگرتن داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوان دەکەن.