لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کاربەدەستانی ڕێژیم بەنیسبەت هێرشی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی تاران، خووزستان و ئیلام، جەختیان لەسەر ''ڕەوابوونی مافی وڵامدانەوە'' و ''گونجاو و شیاو'' ناوبردنی ئەو وڵامدانەوەیە، کردووەتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم، باسی لە وڵامدانەوە بەو هێرشە کردووە و وتوویەتی: ''سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەمان سەبارەت بە هەر هێرشێکی ئیسرائیل، وڵامی ئەم جارەمان، مسۆگەر و دەمکوتکەرە''.
هەر لەو پێوەندییەدا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی: ''ئێوە لە ''وەعدەی سادقی ٢''دا بینیتان کە ئاسمانی ئێوەمان چۆن شەق کرد، ئەمجارە کارێکی هەڵەتان کرد، لە وڵامی هێرشی ئەم دواییانەتاندا دەبێت تامی هێرشێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بچێژن''.
شایانی باسە هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، عەلی فەدەوی، جێنشینی حوسێن سەلامی، ڕایگەیاندووە؛ وڵامی ئەمجارەمان بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشێکی مسۆگەر و نەگۆڕە.
ئەوە لەکاتێکدایە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردبوو: ''ڕێژیمی سەهیۆنیستی تووشی هەڵەی لێکدانەوە بووە و دەبێت هێز و ئیرادە و داهێنانی نەتەوەکانی ئێران و لاوەکانی وڵاتیان پێ نیشان بدەین''.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، بڵاڤۆکی ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، بەپێی دوو سەرچاوەی نادیار لە ئیسرائیلەوە، لە دووتۆێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئێران خەریکی ئامادەکاریی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلە و ئەگەری زۆرە ئەو هێرشە پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا بێت.
ئەو بڵاڤۆکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، چاوەڕوانی دەکرێت ئەو هێرشە لە خاکی عێراقەوە بکرێت و ڕێژەیەکی زۆر دڕۆن و مووشەکی بالستیک بەکار بهێندرێت.