ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نەخۆشییە گورچیلەییەکانڕایگەیاندووە کە بەهۆی گیراوەی دەرمانی پیسی دیالیزەوە، ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان گەیشتە زیاتر لە ٧٠ کەس.
محەممەدسەعید مووسەوی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نەخۆشییە گورچیلەییەکان، ڕایگەیاندووە: ''ئاماری گیانلەدەستداوان زیاتر لە ٧٠ کەسە و ئەو ئامارە لە داهاتوودا بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ ڕادەگەیەندرێت و ئەگەری زۆرە ڕێژەی ئەو ئامارە لە داهاتوودا زیاتریش ببێت''.
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، لە بارەوە وتوویەتی: ''کارخانەی دروستکردنی ئەو گیراوە دەرمانییە کەمتەرخەمی کردووە'' و باسی لەوەش کردووە: ''قۆناغە یاساییەکان لە دژی ئەو کەمتەرخەمییە دەبێت بگاتە ئامانج و سەرۆکی کارخانەی بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت وڵامدەر بێت".
ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای گیانلەدەستدانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان، ئەو کەسانەش لەو دەرمانە پیسەیان بەکار هێناوە و بەتایبەت منداڵان و بەساڵاچووان تەندروستییان تێک چووە و تووشی نەخۆشی دیکەی کردوون.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند ماڵپەڕێکی ڕێژیم چەند زانیارییەکیان درکاندووە کە ئاماژە بەوە دەکەن، کە گیراوەی ئەو دەرمانە پیسە، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوووە دابەش کراوە و هەتا مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ چەندین کەسی ژەهراوی کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە درکاندی هەر جۆرە زانیاری و ئامارێکی ئەو ڕووداوە هەتا مانگی جۆزەردان، خۆیان بواردووە.
ئەو نەخۆشانە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی بێ کوالێتی و پیسبوو بە ئەلەمنیۆم کە بۆ شۆردنی خوێن بەکاریان هێناوە، تووشی هەوکردن و تەشەنوج و کۆما بوون و دواتر گیانیان لەدەست داوە.