کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگی سێهەمی «سوورخەڵاتان» چاپ و بڵاو بۆوە

18:28 - 15 خەزەڵوەر 2724

بەرگی سێهەمی کتێبی «سوورخەڵاتان» کە تایبەتە بە ژیاننامەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاپ و بڵاو بۆوە.

بەرگی سێهەمی «سوورخەڵاتان» ژیان و بەسەرهاتی ٤٠ شەهید لە شەهیدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»ی لەخۆی گرتوە و، لە توێی ٢٤٠ لاپەڕەدا چاپ بووە. بەرگی یەکەمی «سوورخەڵاتان» خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە ساڵیادی دەسپێکی شۆڕشی ژینادا چاپ و بڵاو ببۆوە و بەرگی دووهەمیش لە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ دا بڵاو کرایەوە.

سۆما ناسری، ئامادەکاری پڕۆژەکە لەو بارەوە بە «کوردستان»ی ڕاگەیاند: «پڕۆژەی سوورخەڵاتان پاش دوو ساڵ کارکردنی بەردەوام بە هەوڵ، هیممەت و ماندووبوونی کۆمەڵێک لە هاوڕێیان و هاوکارانی دڵسۆز و ماندوونەناس، کە سەرجەم ژیاننامەی ١٤٠شەهیدی شۆڕشی ژینای لەخۆ گرتووە، کۆتایی پێهات و بەشی نزیک بەتەواوی ئەو ژیاننامانە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، لەژێر ناوی «سوورخەڵاتان» بە شێوەی دێکۆمێنتاری لە کوردکاناڵ بڵاو بووەتەوە».

سۆما ناسری وێڕای پێزانین و سپاسی یەک‌بەیەکی ئەو کەسانە کە لەو پڕۆژوەیەدا هاوکاریان بوون، دەڵێ: «بەدڵنیاییەوە ژمارەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا زیاتر لەو ڕێژەیە بووە کە لەو پڕۆژەیەدا ئاماژەی پێکراوە، هەر بۆیە داوا لەو بنەماڵانە دەکەین کە بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ژیان و بەسەرهاتی ڕۆڵە شەهیدەکانیان بۆ ئێمە بنێرن، بە ناردنی زانیاری و وێنەی ئازیزانیان بۆ ستافی سوورخەڵاتان، یاد و ناویان بە هەرمانی بهێڵنەوە».

جێی بیرهێنانەوەیە لە شۆڕشی ژینادا لانیکەم ١٤٠ کەس لە کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون کە ١٣ کەسیان تەمەن خوار ١٨ ساڵ و شەش کەس لە کوژراوەکان ژن بوون. هەروەها زیاتر لە ٦٠٠٠ کەس بە فیشەکی شەڕ بریندار بوون کە بەشێکی زۆر لەوان لە ترسی گیران هەر لە ماڵ و لەلایەن پزیشک و پەرەستارە خۆبەخشەکانەوە چارەسەر کران و زۆر لەوان چاو یان لەدەست دا.