کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنگ‌پێ‌هەڵچنینی زیاتر بە ئێران

18:31 - 15 خەزەڵوەر 2724

ژماردنی پێچەوانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و بەربڵاوی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسڕائیل دەستی پێ‌کردوە. لەلایەک ئێران باس لە هەڕەشەی هێرشی بەربڵاو بە چەک و مووشەکی نوێ لە ئیسڕائیل و ئەمریکا دەکا و لەلایەکی دیکە ئەمریکا چەند ئیسکادران فڕۆکەی پێشکەوتووی شەڕ و بۆمبهاوێژی «بی٥٢»ی هێناوەتە ناوچەکە. هەروەها ئیسڕائیلیش گەلەکەشتییەکی جەنگیی خۆی کە تەیار بە مووشەکی دوورمەودان، لە کاناڵی سۆئێز و دەریای سوورەوە لە کەناراوەکانی ئێران نیزیک کردووەتەوە.

ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وریا کردووەتەوە بێتوو جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی بکاتەوە سەر ئیسڕائیل، ئیدی چیدی ناتوانێ پێشی ئیسڕائیل بگرێ، واتە ئەمجارەیان ئیدی ئیسڕائیل جیا لە بنکە سەربازییەکان، دامەزراوە ئەتومی، نەوتی، گازی و پێترۆشیمییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج. لە تەنیشت ئەم هەڕەشانە بەرپرسانی ئیسڕائیل ئەوەش وەبیر ئێران دێننەوە کە هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل لە هێرشی حەوتووی ڕابردوودا بەشی زۆری دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و دڕۆن، هەروەها سیستمی قەڵغانی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامییان تەرتوتونا کردوە. بەشێک لە چاودێرانی سیاسییش ڕایان‌وایە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل هێرشەکانی خۆی بەهۆی هێزە نیابەتییەکانی و لە خاکی عێڕاق و یەمەنەوە بکاتە سەر ئیسڕائیل، بەڵام تەل‌ئاویو ڕایگەیاندوە لە ئەگەری هەر سێناریۆیەکدا تاران بە بکەر و بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەم هێرشانە دەزانن.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای دیپلۆماسیی ئێران سەرەڕای هەوڵی زۆر نەک نەیتوانیوە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێ، بەڵکوو لە ئەگەری ڕوودانی شەڕە گەورەکەدا ناتوانێ پشت بە چین و ڕووسیەش ببەستێ. لە تەنیشت ئەو دۆخە پرسی ئەگەری بەهێزی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانە کە خەوی لە چاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زڕاندوە و ئەوانی خستووەتە تەنگانەیەکی سەیرەوە. ڕێژیم پتر لە هەر کاتێک لە کۆتاییەکانی تەمەنی نیزیک بۆتەوە.