لە پارێزگای ئیلام کە پیشەییترین پارێزگای ئێرانە و خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری سامانە سروشتی و کانزایی و پیشەییەکانە، کرێکاران بەهۆی نەداری و بێکارییەوە کۆتایی بە ژیانیان دێنن.
عەلی فەتحوڵڵایی، جێگری سەرۆکی شۆرای شارستانی چەواری ئیلام، ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاندووە: ''لە کاتێکدا کە شارستانی چەوار وەکوو شارێکی پیشەیی و دەوڵەمەند، کە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی پێترۆشیمییە لە ئاستی ئێراندا، لە ئێستادا نەک هەر خاوەنی زۆرترین ڕێژەی بێکاری و نەدارییە تەنانەت لە بوونی پارک و سەوزاییەکیش بۆ حەسانەوە، بێبەشن".
عەلی فەتحوڵڵایی بە ئاماژەدان بەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی بژێوی و نەدارییەوە ئاماری خۆکوژی زۆرتر بووە، وتوویەتی: ''تەنیا لە یەک کارخانەدا شەش کەس خۆیان کوشتووە. ئەمساڵیش لە پڕۆژەی ''ئەرغەوان گوستەر'' سێ کەس هەوڵی خۆکوژییان داوە''.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە، لە ماوەی ڕابردوودا کرێکارانی شارستانی چەوار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە بەڵام بە فەرمانی دادستانی ئەو شارە، هەشت کرێکار دەسبەسەر کراون.
هەر لە پێوەندییەدا ماڵپەڕەکانی ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە؛ تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا، سێ کرێکار هەوڵیان داوە کۆتایی بە ژیانیان بێنن.