دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی کرماشان و سنە، لە دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسیان هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ''هەنگاو''، هاووڵاتییەک بە ناوی ''عێزەتوڵڵا زەینەڵپوور''، خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەرەوە لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانی باشوورەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە سنە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و سەڕای تیپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەربوونی، هەتا ئیستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی یارسانی بە ناوی ''یەزدان قەنبەری''، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، ماوەی ١٨ ڕۆژە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە کرماشان دەسبەسەر کراوە و ئەویش بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی ناوبراویش زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە کوردە بۆ زانیاریی لە سەر چارەنووسی کوڕەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لەو بوارە، خۆیان بواردووە.
شایانی باسە هەتاکوو ئیستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.