ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر کاک ئەحمەد مستەفا زادە ناسراو بە ئەحمەدی پوور فاتم کەسێکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆست خەڵکی ئاوایی شاوەلە سەر بە شاری نەغەدە کۆچی دوایی کرد.
کاک ئەحمەد لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بەردەوام بە هانای خەڵکی لێقەوما و پێشمەرگە چووە و لە ناشتنی شەهیدان و ڕاگواستنی بریندار و شاردنەوەی پێشمەرگەکان زۆر ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە.
ناوبراو لە جەریانی کۆمەڵکوژی گوندی قاڕنێ و کوشتارەکانی دۆڵی بایزاوێ و شاوەلەدا بەدەستی سپای تیرۆریستی پاسداران و هێزەکەی مەلا حەسەنیدا لە هاوکاریی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی پێشمەرگەدا نەخشێکی بەرچاوی بینیوە.
ئەحمەدی پوورفاتم لە ناوچەکەدا بە پیاوێکی زەحمەت کێش، ڕوح سوک و بە دین و ئیمان، نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە دۆست ناسراو بوو و تا ڕۆژی مردنی وەفادار بەو ڕێبازە بوو.
تەرمی ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە سێزدەی خەزەڵوەر لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی دێموکراتپەروەری گوندی شاوەلە و ئاواییەکانی دەوروبەری و شاری نەغەدە لە گۆڕستانی شاوەلەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.