کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن: هێرشی کۆماری ئیسلامی لە عێراقەوە بەرەوڕووی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەبێتەوە

13:15 - 16 خەزەڵوەر 2724

ئەمریکا هۆشداریی بە حکوومەتی عێراق داوە کە ئەگەر لە خاکی عێراقەوە ڕێگری لە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل نەکات، لەوانەیە ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئیسرائیل و هێرش بۆ سەر خاکی خۆی بێت.

دوو بەرپرسی ئەمریکایی بە هەواڵدێریی ''ئاکسیۆس''یان ڕاگەیاندووە کە جیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی و ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی لە عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل قسەیان کردووە، و لەبارەی ئاکامی ئەو کارەیان هۆشداریان داوەتە عێراق.

بە وتەی ئەو بەرپرسانە، سالیوان و بلینکێن گوشاریان خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ وەستاندنی هێرشەکانی میلیشیاکان و هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە و هەروەها ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە، و دەبێ لەو چەشنە هێرشانەی ئێران کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێت ڕێگری بکەن.

لە لایەکی دیکەوە نوێنەرانی دەوڵەتی بایدن بە سەرۆکوەزیرانی عێراقیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر عێراق لە هێرشی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتەکەیەوە بۆ سەر ئیسرائیل ڕێگری نەکات، ئەمریکاش ناتوانێت ڕێگری بکات لە هێرشکردنی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق.

ئاکسیۆس هەروەها بڵاوی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕاوێژکارەکانی بە شێوەیەکی تایبەت و لە ڕاگەیندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەدا نین عێراق لە ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران تێوەبگڵێن.

هەروەها بە پێی زانیارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە هێرشی ٢٥ ئۆکتۆبری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خەریکی داڕشتنی پلانی هێرشێکی جدییە لە خاکی عێراقەوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سپای پاسدارانی ڕێژیم لەم دواییانەدا دڕۆن و مووشەکی بالیستیکی بۆ میلیشیا شیعەکان لە عێراق گواستووەتەوە و پلانی هێرشی هاوبەشی بۆ سەر ئیسرائیلان داناوە.