کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێران لە دوای ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل

13:20 - 16 خەزەڵوەر 2724

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ ململانێی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ئیسرائیل، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە ڕیژەیەکی بەرچاو، دابەزیوە.

بەپێی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی شیرکەتی زانیاریی شتومەکی ''کەپلێر''، هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبرەوە بەنیسبەت بە مانگی پێشترییەوە، ٣٤٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە.

هەروەها شیرکەتی ڕاوێژکاری وزەی ''وۆرتێسکا''یش لەو بوارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە زیاترین دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە نێوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبرەوە تۆمار کراوە و دابەزینی ئەو ڕێژەیە بە جۆرێکە لە ئیستا ١٦ میلیۆن بەرمیل هەناردە دەکریت لە کاتێکدا مانگی پیشوو ئەو ڕێژەیە ٢٤ میلیۆن بەرمیل بووە.

کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیم لە ئاستێکدایە کە ڕێژیم داشکانی نرخی نەوتیان بە شیرکەتەکانی وڵاتی 'چیننیان گەیاندووە بە کەمترین ئاستی خۆی. لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژیم بۆ هەر بەرمیلێک ١٣ دۆلار داشکانیان بۆ کردبوو، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەو داشکانە بووەتە ٥ هەتا ٦ دۆلار و تەنانەت لە مانگی ئۆکتۆبرەوە گەیشتووەتە ژێر ٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ڕێژیمی ئێران کە لەگەڵ گەمارۆی بەربڵاوی ئەمریکا ڕووبەڕوویە و نەوتی خامی خۆی بە شێوەی نایاسایی و لەلایەن دەڵاڵانی نەوت لە مالیزی، عەمان و وڵاتانی دیکەوە دەفرۆشێت و هاوکات داشکانێکی زۆری داناوە بۆ کڕیارانی لە سووریە و چین وەکوو گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئەو ڕێژیمە.