کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمبوونەوەی هەزاران میلیارد تمەن لە سەوەتەی بنەماڵەکان بە هۆی فیلتێرینگەوە

12:00 - 12 خەزەڵوەر 2724

بەرپرسی ئەنجومەنی بازرگانیی ئێلێکترۆنیکی تاران ڕایگەیاند، لانیکەم ٣٠ لەسەدی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت کە ناچار بە کەڵکوەرگرتن لە "ڤی پی ئێن"ـەکانن، هەر مانگ ١٥٠ هەزار تمەن بۆ کڕینی ڤی پی ئێن یان فیلتێرشكێن تێچوو ئەدەن کە ئەمە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەزاران میلیارد تمەن لە سەوەتەی بنەماڵەکان و ئابووریی دیجیتاڵ.

میرنیما قازی بە ئاماژەدان بە تێچووی بنەماڵەکان بۆ کڕین و نوێکردنەوەی ڤی پی ئێنەکانیان وتی: "داهاتی بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی فیلتێرشکێنەکان لە ساڵدا دەگاتە زیاتر لە ٥ هەزار میلیارد تمەن".

ناوبراو زیادی کردووە فیلتێرینگ جگە لە خەساری ماڵی، خەسارگەلێکی دیکە وەک بێهیوابوونی هێزی کار و هەروەها ڕۆیشتنی پسپۆڕانی بە دواوە دەبێت کە گرینگتر لە خەسارە ماڵییەکانە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم ئەنجومەنە فیلتێرینگ و ئاڵۆزییەکانی ئینتێرنێت لە ئێران، تێچوویەکەی قەرەبوونەکراوی بۆ بازرگانییە ئینتێرنێتییەکان دروست کردووە.

بەردەوامیی فیلتێرینگ لەکاتێکدایە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگریکردن لە کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەرەکییەکان تووشی شکست بووە و بەپێی داتاکان زیاتر لە ٩٠ لەسەدی بەکارهێنەرانی ئەم ئەپانە، پاش فیلتێرکردنیشیان لە ڕێگەی فیلتێرشکێنەوە دیسان کەڵکیان لێ وەرگرتوون.

مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەند جار بابەتی فیلتێرینگ و خەسارەکانی خستە بەر باس و بەڵێنی لابردنی بە خەڵک دابوو، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێکی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام نەداوە و جەختیشی کردووەتەوە کە دەوڵەتی ئەو لە هەموو بابەتێکدا ڕێنوێنییەکانی ڕێبەری دەکاتە سەرمەشق و لە هێڵە سوورەکانی خامنەیی لا نادات.