کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل هۆکاری گرانتربوونی نرخی نەوتە

12:20 - 12 خەزەڵوەر 2724

گەشەسەندنی شەڕ و ململانێ لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شوێندانەریی نەرێنیی ئەو شەڕانە بە جۆرێک بووە کە نرخی هەر بەرمیل نەوتێک، یەک دۆلار بەرز بووەتەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کاربەدەستی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی توندیان لە ئیسرائیل کردووە کە هێرش دەکەنە سەر ئەو وڵاتە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز بێتەوە و نرخی هەر بەرمیل نەوتێک نزیک بە ٢.١ لەسەد گرانتر ببێت.

جێگای ئاماژەیە لە دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەر بەرمیل نەوت بە ڕێژەی ٣ دۆلار و ٤١ سێنت گرانتر بووە و نرخی هەر بەرمیلێک لە ئێستادا گەیشتە ٧٥.١١ دۆلار و، هەروەها نەوتی خامی ئەمریکا بە بەرزبوونی نرخی هەر بەرمیلێک بە ڕێژەی ٣ دۆلار و ٣٨ سێنت، لە ئێستادا ٧٥.٥٥ دۆلار دەفرۆشرێت.

لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، بڵاڤۆکی ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، بەپێی دوو سەرچاوەی نادیار لە ئیسرائیلەوە، لە دووتۆێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئێران خەریکی ئامادەکاریی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلە و ئەگەری زۆرە ئەو هێرشە پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا بێت، بەپێی قسەی ئابووریناسان لە ئەگەری ئەو هێرشەدا ڕەنگە نرخی نەوت زۆر گرانتر ببێت.