ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بەهۆی هێرشی هاوکاتی ئەرتەشی پاکستان و کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانیان، ١٢ ئەندامی ئەم ڕێکخراوە کوژراون.
لەم بەیاننامەدا هاتووە "لە هێرشێکی قورسی ئاسمانیی ئەرتەشی پاکستان و هێزەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ویلایەتی فەقێ لە ناوچە سنوورییەکانی سەراوان، ١٢ کەس کوژراون کە دوو کەسیان لە بەرپرسان و فەرماندەکانی جەیشولعەدڵ بوونە و ٤ کەسی دیکەش بریندارن".
بەپێی ئەم بەیاننامەیە هێرشەکە کاتژمێر ٨ی شەوی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر ئەنجام دراوە.
جەیشولعەدڵ لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە خۆڕاگریی ئەم ڕێکخراوە لەهەمبەر ڕێژیمی تاوانکار و ئاژاوەگێڕی ویلایەتی فەقێ بەردەوام دەبێت.
سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشە لەلایەن قەرارگای قودسی سپای پاسدارانەوە بەهۆی هێرشی ڕۆژانی ڕابردووی جەیشولعەدل بۆ سەر هێزە ئینتیزامییەکان، لە بەلووچستان ئەنجام درا.
ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر لە هێرشێک بۆ سەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەلووچستان، ١٠ کەس کوژران کە جەیشولعەدل بەرپرسیارەتیی ئەم هێرشەی گرتبووە ئەستۆ.