چاوخشاندنێک بە گەڵاڵەی بوودجە کە دەوڵەت ڕادەستی مەجلیسی کردووە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا، بوودجەی دیاریکراو کە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەتایی و دەرمان دانراوە، بڕی ٣ میلیارد دۆلار واتە ٢٠ لەسەد کەمی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بە گرانتربوونی ئەو کاڵایانە لە ساڵی ١٤٠٤.
هەواڵدەریی ئیلنا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، لە ڕاپۆرتێکدا بە بەراوردکردنی بوودجەی ئەمساڵ و ١٤٠٤ و سەیرکردنی تێبینی یاسای بوودجەی ئەمساڵ، دەریخست کە لە بوودجەی ئەمساڵدا، بڕی ١٣.٦ میلیارد یۆرۆ کە بەرانبەر بە ١٥ میلیارد دۆلارە، بۆ هاوردەکردنی کاڵای بنەڕەتی، کشتوکاڵ، دەرمان و کەرەستەی خاو و هەروەها کەرەستەی بەکارهێنراوی پزیشکی دیاری کراوە.
ئەوە لەحاڵێکدایە، ئەم بڕە پارەیە لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتوودا بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد کەم کراوەتەوە و گەیشتووەتە ١١ میلیارد یۆرۆ کە بەرانبەر بە ١٢ میلیارد دۆلارە.
ئەم ئامارە خۆی لە خۆیدا بەرزبوونەوەی نرخ و گرانی لە هەموو ئەو کەرتە ئاماژەپێکراوانەدا نیشان دەدات.
هەروەها چاوخشاندنێک بە بەرنامەکانی دەوڵەت لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا دەری دەخات کە کەمکەم و لە ماوەی ساڵدا نرخی دراوی دیارکراو بەرز دەبێتەوە.
هەروەها لەحاڵێکدا کە لە بوودجەی ١٤٠٤، بوودجەی هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان و دەرمان دابەزیوە، هەر ئەم بوودجەیە نیشانەی زیادبوونی بوودجەی ئۆرگان و دامودەزگاکانی پێوەندیدار بە دەسەڵاتە.