کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی لەسێدارەدانەکان لە ئیران/ لەسێدارەدرانی ١٣ کەس لە ماوەی ٥ ڕۆژدا

10:48 - 17 خەزەڵوەر 2724

هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لانیکەم هەشت کەس لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لە سێدارە دراون.

لە لایەکی دیکەوە هەر لەو ڕۆژەدا زیندانییەکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە زیندانی خوڕماوا لە سێدارە درا.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، بەندکراوێکی دیکە لە زیندانی جیرۆفت لە سێدارە دراوە.

هەر بەپێی هەواڵی هێرانا ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر سێ بەندکراوی دیکە کە یەکێکیان ئەفغانی بووە لە زیندانی دەستگردی ئێسفەهان سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

ئەو ١٣ کەسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ١٢ی خەزەڵوەر هەتا ١٦ خەزڵوەر لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون زۆربەیان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرکان، کوشتن، دەستدرێژی و… سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.

ئەم لەسێدارەدانانە لەکاتێکدا ڕوویان داوە کە ڕۆژی سێشەممەی ئەم حەفتەیە لە ٢٤ زیندانی ئێران، هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ ٤١ـەمین حەفتە بەردەوام بوو.

هەواڵی هیچ یەک لەم لەسێدارەدانانەش لە میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاو نەکراونەتەوە.