ڕافائێل گرووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوکی، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاندووە: ''ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی وتووێژ لە سەر بابەتی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردانی تاران بکەم''.
هەواڵدەریی ''ڕویتێرز'' لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕافائیل گرووسی، چاوەڕوانی ئەوە دەکات بۆ چارەسەری کێشەی ناوکیی ئێران، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا دۆنالد ترامپ، هاوکاری بکات.
ئەو قسانەی گرووسی لەکاتێکدا بووە کە پێشتر بڕیاری دابوو پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمریکا، سەردانی تاران بکات بەڵام ناوبراو ڕایگەیاندووە؛ لە پێش سەردانەکەیدا پێویستە سەرەتا چەندین بابەت و کیشەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە و هێزە ڕۆژاواییەکان چارەسەر بکات، دوایی سەردانی ئێران دەکات.
هەرچەند بەرپرسانی ڕێژیم پێشوازییان لە سەردانی ڕافائێل گرووسی کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری ئەو ئاژانسە دەربڕیوە بەڵام پێشتر ڕێژیمی ئێران لە سەردانیکردنی چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوەکی لە بنکە ناوەکییەکان ڕێگری کردووە و هەروەها بەنیسبەت بەرهەمە ئۆرانیۆمییەکان، لە ماڵپەڕە شاردراوەکاندا، ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەوە نەدابوو.
لە دوای هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ناوکیی هێزە جیهانییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی و دەسپێکردنەوەی خولی نوێی گەمارۆکان، ڕێژیمی ئێران چالاکییە ناوکییەکانی خۆی دەست پێ کردووەتەوە.
شایانی باسە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدی دەدات، کە پێویستیی نزیک بە ٩٠ لەسەدی دروستکردنی چەکی ناوکی بەرهەم دێنێت. بە وتەی ئەو ئاژانسە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕەوتی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەو شێوەیە درێژە پێ بدات ئەوا ئۆرانیۆمی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی ٤ چەکیی ناوکی هەیە.