نەعیم قاسم ڕێبەری نوێی حیزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکدا کە پێشتر تۆمار کراوە، پێداگریی لە سەر درێژەدان بە سیاسەتەکانی حیزبوڵڵا کردووە و جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خوزەڵوەر هاوکات لەگەڵ چلەی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، نەعیم قاسم ڕێبەری نوێی ئەم گرووپە چەکدارەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە حیزبوڵڵا دەیان هەزار چەکداری ئامادە و بە ئەزموونی هەیە و بەم هۆیەوە هیچ شوێنێک لە ئیسرائیلدا پارێزراو نییە.
ناوبراو لەم وتارە دەنگییەدا کە دیارە بەهۆی مەترسییەکان لە هێرشی ئیسرائیل پێشتر تۆمار کراوە، پێداگریی لەسەر سیاسەتەکانی پێشووی حیزبوڵڵا کردووە و درێژەی بە هەڕەشەکان لە ئیسرائیل داوە.
گرووپی حیزبوڵڵا لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە حەماس هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بووە.
ئیسرائیل ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بەیرووت حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری ئەم گرووپەی کوشت.
پێش ئەم هێرشە ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەزاران ئەندامی ئەم گرووپەی بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتن بریندار کرد و نزیک بە ٤٠ کەسیشی کوشت و توانی خەسارێکی قورسی سەربازی و ئەمنییەتی بەم گرووپە بگەیەنێت.
تەقاندنەوەی پەیجێر و ئامێرە ئێلێکترۆنیکییەکانی حیزبوڵڵا توانی پێوەندی و هاواهەنگییەکانی ئەندامانی ئەم گرووپە تا ڕادەیەکی زۆر تێک بدات.
تەنیا چوار ڕۆژ پاش کوژرانی نەسروڵڵا، هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و تا ئێستاش بەردەوامە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل لە دەیان هێڕشی ئاسمانیدا توانی زۆربەی ئەندامانی ڕێبەری و فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا بکوژێت و زەبرێکی توند لەم گرووپەی سەر بە تاران بدات.