کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەیسەم مورادی: ئیسڕائیل بە پلانی "نەزمی نوێ" دەیەوێت پرۆکسییەکانی ئێران تووشی لاوازی، یان داڕمانی یەکجاری بکات

17:10 - 17 خەزەڵوەر 2724

مەیسەم مورادی: ئیسڕائیل بە پلانی "نەزمی نوێ" دەیەوێت پرۆکسییەکانی ئێران تووشی لاوازی، یان داڕمانی یەکجاری بکات

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کەوتووەتە قۆناغێکی هەستیار و پڕ گۆڕانگاری، قۆناغێک کە دوورەدیمەنیی هاتنەئارای نەزمێکی نوێی ناوچەیی تێدا بەدی دەکرێ.  بەڵام کوردستان و پرسی کورد لەکوێی ئەم نەزمە نوێیەدا جێ دەگرێ. "کوردستان" بۆ شرۆڤە و لێکدانەوەی زیاتری ئەم بابەتە وتووێژێکی لەگەڵ مەیسەم مورادی، شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێک‌‌‌هێناوە.

کاک مەیسەم لە ڕوانگەی ئێوەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چی ڕوو دەدا و پێتان وایە چ گۆڕانکارییەک لەم ناوچەیەدا خەریکە دێتە دی؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پێش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. لە ٧٨مین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کاتی وتاردانی خۆیدا، بنیامین نەتانیاهوو وێنەیەکی بەرز کردەوە کە لەسەری نووسرابوو "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ". وێنەکە هەڵگری پەیامێکی زۆر بوو، بەڵام گرنگترینەکەیان ئەوە بوو پلانی ئیسڕائیل بۆ نزیکبوونەوە لە وڵاتانی عەڕەبی و هەروەها پەیوەستبوونی ئیسڕائیل بە یەکێک لە گرنگترین کۆریدۆرە ئابوورییەکانی جیهانی نیشان دەدا. پێش کۆبوونەوەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە سەرپەرشتیاری ئامریکا، پلانی دەستپێکردن و کاراکردنی کۆریدۆرێکی گرنگی ئابووری لە دانیشتنێکی وڵاتانی G20 لە هێندستان خرایە بەردەست. کۆریدۆرەکە ناوەی لێنرا (IMEC)، کۆریدۆرەکە لە هێندستانەوە دەست پێدەکات، دەچێتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دوای تێپەڕین بەنێو وڵاتی ئیسڕائیلدا، دەچێتە وڵاتانی ئورووپا. بەڵام ئەوەی ڕوون بوو، ئێران و تورکیە بەشێک نەبوون لەو گۆڕانکارییە گرنگە ئابووریەی دنیا، بۆیە بە قازانجی ئەم دوو وڵاتە نەبوو ئەو کۆریدۆرە کارا بکرێت و هەموو هەوڵی خۆیان لەو ئاراستەیەدا دەدا کە یان ببن بە بەشێک لە کۆریدۆرەکە، یان کاراکردنی کۆریدۆررەکە دوابخەن. بەهەرحاڵ کۆریدۆری (IMEC) هاوشان لەگەڵ پەیمانی ئیبراهیم، دۆخی ئیسڕائیلی بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبرد کە قازانجێکی گەورەی ئابووری و سیاسی بەرکەوێت، ڕەنگە ئەو دەستکەوتانە هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی کە بنیامین نەتانیاهوو باس لە "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" بکات. هێرشی تێرۆریستی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، هاوکات دوو ئامانجی پێکا:دواخستنی پڕۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەڕەبی و ئیسڕائیل، هەروەها دواکەوتنی کاراکردنی کۆریدۆرەی هێند-ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست-ئورووپا. لە دوای ئەو هێرشەی حەماس، ئیسڕائیل تێگەیشت کە چیدی بەشێوەی پێشوو، واتە فریزکردنی کێشەکان لە نێوانی خۆی، ئێران و پرۆکسیەکانی، ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە لە حەوتوویەک دوای هێرشەکەی حەماس، بنیامین نتانیاهوو گوتی: "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕین". ئەو گۆڕانکارییانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل خۆی بۆ ئامادە کردبوو، لە دوای کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا، ئاشکرا بوو. ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبۆڵڵای لۆبنان لە ناوچەی زاحیەی بەیروت، کە بووە هۆی کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا لە ڕێکەوتنی ٢٧ی سێپتەمبر، ناوی لێ‌نرا "نەزمی نوێ". دەستەواژەی نەزمی نوێ یان بەشێوەیەکی گشتی، چەمکی "نەزم" لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەڵگری بارێکی زۆری واتاییە، بۆیە کاتێک ئیسڕائیل کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا وەک دەستپێکی نەزمی نوێ دەناسێنرێت، زەینی شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئاڵۆز دەکات و هەرکەس بە شێوەیەکی جیاواز هەوڵ دەدات کە خوێندنەوەیەکی لەسەر ئەو چەمکە و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئیسڕائیل هەبێت. لە وتارێکدا کە لەژێر ناوی "نەزمی نوێی ئیسڕائیل و ستراتێژیی پشتێنەی بەرگری ئێران" لە ڕێکەوتی ٨ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، لەلایەن ماڵپەڕی "سەکۆ" بڵاوم کردەوە، باسم لە گۆڕانکاری‌گەلێک کردوە کە دەتوانێت دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەواوی بگۆڕێت، گۆڕانکاری‌گەلێک کە ئامانجی لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران و هەروەها پاشەکشەپێکردنی ئێرانە لە جۆری سیاستەکردنی خۆی لە ناوچەکە. بێگومان لێدان و لاوازکردنی پرۆکسیەکانی ئێران، بۆ ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی کاری ئاسان نییە و لە فەترەیەکی زەمانی کورتدا جێبەجێ ناکرێت و خێرا نابێت، لەبەر ئەوەی کە بەربەستگەلێکی گەورە لە پێش بەروەپێشچوونی پلانەکانی ئیسڕائیل دا هەیە.

ئێران و چین و ڕووسییە بە چ شێوەیەک دەتوانن ئەو پڕۆسەیە بەدوا بخەن؟

ئێران، چین و ڕووسیە دەتوانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن بۆ ئەوەی کەوتنی دۆمینەیی پرۆکسیەکانی ئێران، پێشی پێ بگیردرێت و جێگیربوونی نەزمی نوێی ئیسڕائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مسۆگەر نەبێت. بۆیە ئەمن من باوەڕم وایە دەبێت زۆر بە هەستیارییەوە چاو لە گۆڕانکارییەکان بکەین و پەلەی زۆرمان نەبێت.

بۆچی تا ئێستا هەستمان بەو گۆڕانکارییە گەورە نەکردوە؟

ئەم گۆڕانکارییانە دەبێت لە سێ بەش یان سێ ناوچە و سێ قۆناغدا هەڵبسەنگێندرێت:

قۆناغی یەکەم: بەریەککەوتنی لۆکاڵ لە نێوان ئیسڕائیل و حەماس، حیزبۆڵڵا، حووسیەکان و گرووپەکانی عێراق.

قۆناغی دووهەم: بەریەککەوتنی ناوچەیی، واتە نێوان ئیسڕائیل و ئێران.

قۆناغی سێهەم: بەریەککەوتنی جیهانی، واتە بەریەککەوتنەکانی ئامریکا و چین و ڕووسیە، بۆ نموونە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. لە کۆبەندی ئەم پرسیارەدا و بە پشتبەستن بەو بابەتانەی سەرەوە کە باسم کرد، من پێم‌وایە کە ئەو هێرشەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، دەتوانین وەک سەرەتای گۆڕانکاریگەلێکی بنەڕەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بناسێنین.

ئاستی بەرزبوونەوەی بەریەککەوتنەکان چۆن دەبێت؟

ئاستی بەرزبوونەوەی بەریەککەوتنەکان بەو شێوە دەبینم کە پێوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەر سێ قۆناغەکەدا کە لە سەرەوە باسم کردووە هەیە. بۆ نموونە کاتێک ئاستی بەریەککەوتنەکان لە قۆناغی یەکەم واتە لۆکاڵ دەچێتە سەرەوە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر قۆناغی دووهەم واتە ناوچەیی دەبێت، کاتێکیش لە قۆناغی دووهەم ئاستی بەریەککەوتنەکان دەچێتە سەرەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەریەککەوتنەکان لە قۆناغی سێهەم واتە جیهانی هەیە. کە واتە پێوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەر سێ قۆناغەکەدا هەیە و هەر گۆڕانکارییەکی بچووک لە قۆناغی یەکەمدا دەتوانێت ئاستی بەریەککەوتنەکان لە قۆناغی دووهەم و سێهەم بباتە سەرەوە. لە چوونەسەرەوەی ئەم بەریەککەوتنانەدایە کە ئەگەری ئەوە دەچێتە سەرەوە کە ئاراستەی شەڕەکە بگۆڕدرێت و بەرە شوێنێک بچێت کە تەنانەت ڕەنگە ئەستەم بێت لە ئێستادا باسی بکرێت. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە; ئیسڕائیل بە پلانی نەزمی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە هەموو هێزی خۆیەوە دەچێتە پێشەوە و دەیەوێت پرۆکسییەکانی ئێران تووشی لاوازی، یان داڕمانی یەکجاری بکات.

ئیسڕائیل وڵامی هێرشەکەی ئێرانی بە هێرش بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی دایەوە. هێرشێک کە کەمتر بووە لەو چاوەڕوانییەی لە ئیسڕائیل دەکرا. ئایا ئەمە ڕێککەوتنی لەسەر نەکرابوو و ئەمە بە نێوبژیوانی ئامریکا هەوڵدان نەبوو بۆ پێشگرتن بە قوڵبوونەوەی شەڕەکە؟

لە ڕاستیدا من پێم‌وانییە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، هێرشێکی ئاست‌خوار بووبێت. ئیسڕائیل بۆ ئەم هێرشە چەند ئامانجی لە بەردەستدا بوو، لەوانە: پێگە ئەتۆمییەکان، پێگە نەوتی و گازییەکان، پێگەی وزەی شارەکان (بەرق/کارەبا) و هەروەها پێگە سەربازییەکانی ئێران، بەڵام ئەوەی دواجار ئیسڕائیل لەسەری ساغ بوویەوە، لێدان لە پێگەی سەربازیی ئێران بوو. پێم‌وایە ئێمە دەبێت لەچوارچێوەی هێرش بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران، خوێندنەوەمان هەبێت بۆ قەبارەی هێرشەکە. ئیسڕائیل لە ئێستادا لە دوو بەرەی شەڕی ڕاستەوخۆ (لۆبنان وغەززە) و هەروەها هێزی خۆی بردۆتە قووڵایی خاکی سووریە وهاوکات بە لێدان لە حووسیەکانی یەمەن، پارێزگاری لە خۆی دەکات. هەموو ئەم لایەنانەی سەرەوە کە ئیسڕائیل لەگەڵیاندا لەشەڕدایە، ئەکتەری نا-دەوڵەتین، بۆیە دەستی ئیسڕائیل بۆ زۆر بابەت کراوەترە، بەڵام کاتێک کە بابەتەکە دێتە سەر ئێران، ئەوکات باس لە ئەکتەرێکی دەوڵەتی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا دەکەین، بۆیە بۆ ئیسڕائیل تاکتیکی هێرش بۆ سەر ئێران زۆر جیاوازترە بە بەراوەرد لەگەڵ ئەکتەرە نا-دەوڵەتیەکاندا. هاوکات کە ئیسڕائیل وەڵامی ئێران دەداتەوە، ئاگاداری ئەو خاڵەیە کە سەربازەکانی لە دوو بەرەی شەڕی ڕاستەوخۆدا لە شەڕدان و هەروەها ئێران و پرۆکسییەکانی پلانی ئەوەیانە هەیە شەڕەکە بکەنە شەڕێکی پڕووکهێنەر بۆ ئیسڕائیل و تێچووی زۆر بۆ ئیسڕائیل دروست بکەن. بۆیە ئیسڕائیل ناچارە زۆر بە وردی و لە سەرخۆ هەنگاوەکانی هەڵبنێت و نەکەوێتە ئەو داوانەی کە ئێران و پرۆکسیەکانی بۆیان داناوە. سەبارەت بەوەی کە ئایا جۆرێک ڕێککەوتن لە نێوانی ئیسڕائیل و ئێراندا کرابێت، دەتوانم بڵێم کە من باوەڕم وایە هیچکەس ناتوانێت ئارگیۆمێتێکی بەهێز بۆ ئەو باسە بێنێتەوە و باس لەوە بکات ڕێککەوتن لە نێوانی ئەو دوو دەوڵەتەدا هەیە، ئەمە لەکاتێک‌دایە ئیسڕائیل بە زیاتر لە ٢٠٠ مووشەکی باڵستیکی و درۆن، دووجار لە لایەن ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر، ئیسڕائیلیش لەبەرامبەردا وەڵامی بۆ هەر دوو هێرشەکەی ئێران هەبووە.

پێتان وایە  هێرشەکەی ئیسڕائیل چەندە توانیوەتی پێگەی ڕێژیم لەنێوخوی وڵاتدا لاوازتر بکات؟

من باوەڕم وایە کە هێرشی دووهەمی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، هێرشێکی زۆر بەهێز و پڕ دەستکەوت بوو بۆ ئیسڕائیل. ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دەکەن هەموو سیستمی بەرگریی S300ی ئێران لەنێو چووە، هاوکات لە زۆر بنکەی گرنگی مووشەکیی ئێران دراوە کە زیانەکانی بۆ ئێران زۆر لەسەرەوەیە و چەند بەرپرسی ئێرانی کوژران و هەمووی ئەم بابەتانە لەو ڕێگەیەوە ڕووی دا کە ئیسڕائیل فڕۆکەکانی خۆی بردە سەر ئاسمانی تاران. لە زانستە سیاسیدا کاتێک باس لە لەدایکبوونی دەوڵەت دەکرێت، زۆر ڕوانگەی جیاواز بەکار دێت، بەڵام یەکێک لەو ڕوانگە کە زۆرجار وەک نموونە دێتەوە، بۆچوونی Gil Rémillard لەسەر لەدایکبوونی دەوڵەتە. ڕێمیلارد لە نووسینێکی خۆیدا لە ژێرناوی "سەروەری و فدڕاڵیسم" پێی‌وایە بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لەدایک بێت، دەبێت سێ تۆخمی جەوهەری هەبێت، توخمێکی یاسایی واتە سەروەری، توخمێکی بەرجستە واتە دانیشتووان و توخمێکی ماددی واتە خاک، ئیسڕائیل لە هێرشی خۆی بۆ سەر ئێران، هەر سێ توخمە سەرەکییەکەی دەوڵەتی ئێرانی (واتە خاک، سەروەری و دانیشتوانی سەر ئەو خاکە) کردە ئامانج و بێ هیچ تێچوویەک فڕۆکەکانی خۆی بردەوە بۆ ئیسڕائیل. بۆ کەسانێک کە زانیارییان لەسەر چەمکە گرێدراوەکانی دەوڵەت هەیە، لە شرۆڤەی بابەتێکی لەو شێوەی هێرشەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، چەند بابەت زەق دەبێتەوە بۆیان، گرنگترینەکەیان چەمکی سەروەرییە. من باوەڕم وایە ئەگەر کەسانێک خوێندنەوەیەکی دروستیان لەسەر چەمکی سەروەری دەوڵەت نەبێت، ناتوانن خوێندنەوەیەکی ڕێکوپێکیان لەسەر ئەوەی لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل ڕوو دەدات هەبێت. ئیسڕائیل بە زیاتر لە ١٤٠ فڕۆکەی شەڕکەر هێرشی کردە سەر ئێران، فڕۆکەکانی ئیسڕائیل زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون و زیاتر لە دوو کاتژمێر ئاسمانی تاران بەدەستیانەوە بوو، ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دەوڵەتی ئێران نەیتوانی سەرەتا سەروەری خۆی بپارێزێت و نەهێڵێت ئەو فڕۆکانە بچنە ناو سنووری دەوڵەتەکەیە وهاوکات ئاسایشی تاران کە پێتەختی ئێرانە، بە هەموو شێوەیەک تێکدرا. بۆیە لەپاڵ هەموو زیانەکانی دەیکەی دەوڵەتی ئێرانییەکان، بەزاندنی سنوور و سەروەری دەوڵەتەکەیان، گەورەترین شکست بوو بۆیان و پێناچێت بتوانن بە ئاسانی ئەو شکستانە کۆ بکەنەوە. لە کۆتایی ئەم پرسیارەدا دەتوانم بڵێم: هێرشی ئەمجارەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێگەخۆشکەرە بۆ هێرشەکانی داهاتووی ئیسڕائیل و بە زانیاری و خوێندنەوەیەکی قووڵترەوە دەتوانێت ڕێگەکە دووبارە بکەنەوە، بۆیە لە ئێستادا ئێرانییەکان لە دوو ڕوانگەوە زۆر تێکشکاون: یەک، سەروەریی دەوڵەتەکەیان بەزێندراوە بێ هیچ تێچوویەک بۆ ئیسڕائیل. دوو، بێگومانن لەوەی کە هێرشەکانی داهاتووی ئیسڕائیل، وردتر و قورستر لەم هێرشەی ئێستایە دەبێت.

ئەگەر باسێک گۆڕانکارییانەی کە لە ناکاو بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە هاتنە ئاراوە لە کوێی ئەو گۆڕانکارییانەدا جێ دەگرێ؟

بە بۆچوونی من بۆ ئەوەی لە هەڵسوکەوتی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورکیە بەباشی تێ‌بگەین، دەبێت لە دوو بەشدا چاو لە بابەتەکە بکەین. بەشی یەکەم: وەک چۆن لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم بەوەدا کە تورکیە و ئێران نەبوون بە بەشێک لەو گۆڕانە گەورە ئابووریەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، بەهەمان شێوە، ڕێگە بە تورکیە نەدرا لە هاوکێشەکاندا دەور ببینێت، ئەم تەریکخستنەوەی تورکیە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دڵەڕاوکێی بۆ دەوڵەت لە تورکیە دروست کرد. وەک بەشی دووهەمی وەڵامەکەم بۆ ئەم پرسیارە، دەبێت خوێندنەوەیەکی وردمان لەسەر سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان هەبێت. مانگی دووی ئەمساڵ، ئامریکا لە ناوچەی دێرەلزوور، مەیادین و ئەبووکەماڵ لە سووریە و ناوچەی قایم لە عێراق، هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر پرۆکسیەکانی ئێران، هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشەدا، هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر زەمین جووڵەیان کرد و چوونە پێشەوە. من پێم‌وایە ئامریکا و ئیسڕائیل دەیانەوێت بۆشایی بخەنە نێو هێزەکانی ئێران لە عێراق و سووریا، ئەو ناوچەیە کە ئامریکا مانگی دوو بۆردوومانی کرد، هەمان کۆریدۆری گواستنەوەی چەک و یارمەتیە بۆ پرۆکسیەکانی ئێران لە سووریا و دواتر بۆ حیزبۆڵڵا لە لۆبنان، تاکە لایەنێک کە بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە بە قازانجی ئامریکا و ئیسڕائیل، هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە. تورکیە ترسی زۆری لەوە هەیە جۆگرافیای ژێردەسەڵاتی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زۆرتر بێت و پێگە نەوتی زۆرتر بگرنەوە دەست، بۆیە هاوشان لەگەڵ ئەو دڵەڕاوکەی کە دەوڵەتی تورکیە لە هەمبەر دوورخستنەوەی و بەشداری پێنەکردنی کارای خۆی کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیبوو، ئەو ترسەشی بۆ دروست بووە کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بەهێزتر بێت، بۆیە هەوڵێکی زۆر دەدات پێش بەو بەهێزبوونەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت و بە وتەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، نەهێڵن "دەوڵەتێکی نێخۆیی بۆ کورد لە سووریە دروست بکرێت". بەهێزبوونی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنیی دەبێت لەسەر ئەو بەشەکانی دیکە کوردستان و بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان. باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن دەوری پشت جبەیەکی گەورە بگێڕن. من لەو باوەڕەدام دوو جۆغرافیای باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەی کارا لەم بەریەککەوتنانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەشدارن، بۆیە ئەم کارابوونەوەی ئەم دوو بەشەی کوردستان، بە "پشتێندەی کوردی" دەناسێنم. بەهێزکردنی پشتێندەی کوردی و هاوکات ئەگەری ئەوەی لێدانەکان لە نێوخۆی ئێران لە لایەن ئیسڕائیلەوە زۆرتر بێت، ئەو ترسە بۆ دەوڵەتی تورکیە دروست دەکات جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کارا بکرێت و پەیوەست بێت بەم گۆڕانکارییانەوە. لەبەر ئەوەش کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن پێشمەرگەیە و خەڵکێکی زۆری ناڕازی لە دژی دەسەڵاتی ئێرانییەکان هەیە، پۆتانسیلی ئەوەی تێدایە کێشەی ئەمنییەتی بۆ دەوڵەتی ئێران دروست بکات. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان زۆر بەباشی ئاگادارن کە هەرچەشنە گۆڕانکارییەک لە هەر بەشێکی کوردستان، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو بەشەکانی دیکەی کوردستان، بۆیە بە باوەڕی من، ئەوەی کە تورکیە لە ئێستادا هەوڵی بۆ دەدات نەک "پڕۆسەی ئاشتی" نییە، بەڵکوو پڕۆسەی تەسلیمکردنی کوردە بۆ ئەوەی کە لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو هیچ پشکێکی بەرنەکەوێت.

ئەگەر لە نەخشە گەورەکەوە سەیری ڕووداوەکان بکەین، ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانێ دەسکەوتێکی بۆ کورد هەبێت؟

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێت قازانجی زۆری بۆ کورد تێدابێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردی ڕووداوەکان هەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی دەوڵەتی تورکیە و ئێران لە ئێستاوە چۆن هەوڵ دەدەن پێش بە دۆمینەی گۆڕانکارییەکانی کوردستان بگرن، واتە  تێدەکۆشن و سیناریۆی پێویست دادەڕێژن کە چۆن بتوانن پێش بە کاریگەری ڕووداوەکان بۆ کوردستانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بگرن.

کاک مەیسەم زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەو باسەدا

سپاس، ئێوەش ماندوو نەبن.