کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی مای ساتۆ لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران

18:54 - 19 خەزەڵوەر 2724

ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی کۆبوونەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

مای ساتۆ لە وتووێژێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ماڵپەڕی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و ڕەخنە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکردن لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان وتی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران لەژێر گوشاری زۆردایە و چالاکانی مافی مرۆڤ وو ڕۆژنامەوانان بە بەردەوامی هەڕەشەیان لێ دەکرێت و دەسبەسەر دەکرێن و بەپێی تۆمەتی وەپاڵدراو دەکەونە ژێر چاوەدێرییەوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەری دەبن.

ڕیپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە زۆربوونەوە و ڕێژەی زۆری لەسێدارەدانەکان بەتایبەت لە مانگەکانی دواییدا لە ئێران نیگەرانیی دەربڕی و ڕایگەیاند کە بەپێی پەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی، سزادان و دەرکرانی سزای لەسێدارەدان دەبێ کەم بکرێتەوە و تەنیا بۆ تاوانی گەورە لەبەرچاو بگیردرێت.

پێویستە بگوترێ کە لە ئێراندا لە نێوان ماوەی زەمەنیی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو هەتا ئۆکتۆبری ئەمساڵ، لانیکەم ٨١١ کەس لە سێدارە دراون کە ئەمە نیشاندەری بەرزبوونەوەی بەرچاوی جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە ئێرانە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش لە ١٢ی خەزەڵوەردا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا، لانیکەم ١٦٦ کەسی لە سێدارە داوە کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە دوو مانگی دواییدا بووە.