
بەپێی ڕاپۆرتی "ڕادیۆ فەردا"، هەزاران کەس لە ئەندامانی لقی قودسی سپای پاسداران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕ لەگەڵ دژبەرانی حکوومەتی بەشار ئەسەد چوونەتە سووریە.
ڕادیۆ فەردا لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری سەر بە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە کە هەزاران ئەندامی لقی قودسی سپای پاسداران بەرەبەیانیی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز لە سنووری شەلەمچەوە چوونەتە بەغداد.
سەرچاوەکان زیادیان کردووە ئەم هێزانە لە جاددەی بەسرە بۆ بەغداد پێوەست بوون بە هەزاران کەس لە ئەندامانی دوو گرووپی "کەتائێبی حیزبوڵڵا" و "ئەلنوجەبا"وە و پاشان بەرەو سووریە ڕێ کەوتوون و بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەز گەیشتوونەتە سووریە.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە گرووپی جەهادیی "تەحریرەئەلشام" و چەند گرووپێکی دیکەی دژبەری حکوومەت سووریە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و لە ماوەیەکی کورتدا دەستیان بە پێشڕەوییەکی زۆر کرد.
ئەم گرووپە چەکدارانە لە ماوەی چوار ڕۆژدا دەستیان بە سەر پارێزگای ئێدلێب و هەروەها بەشێکی زۆر لە پارێزگای حەلەب و شاری حەلەب کە دوویەمین شاری گەورەی سووریەیە، گرت.
سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیە و سووریە هێزەکانی دەوڵەتی ئەسەد نەیانتوانیوە پێش بەم گرووپانە بگرن.
تاکوو ئێستا چەند کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە تێکهەڵچوونەکانی حەلەبدا کوژراون.
کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی کردووە کە ئەم گرووپانە لە نێو دەبات.