کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووسەن حەسەنزادە، وانەبێژی زمانی کوردی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا

10:20 - 18 سەرماوەز 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣، سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە بە بیانووی سکاڵا بانگی کەڵانتەری ١١ی بۆکان کراوە و پاش چوون بۆ ئەم ناوەندە بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە ڕاگوێزراوە و بە بڕیاری دادوەری جێبەجێکاری سزاکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزراوە.

سووسون حەسەنزادە بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە و ئەم بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ئەم وانەبێژی زمانی کوردییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

سووسەن حەسەنزادە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی ١٧ ساڵ وانەوتنەوەی زمانی کوردیی لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریدا هەیە و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.