ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز، مەسعوود پزیشکییان بەبۆنەی ڕۆژی خوێندکار لە زانکۆی شەریف قسەی کرد و ڕایگەیاند خوێندکاران لە ئێران ناڕەزایەتییان له سەر "تاوانەکانی غەززە" وەک پێویست نەبوو.
سەرکوۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی خوێندکاران لە ئێران بۆ پشتیوانیی لە غەززە ناڕەزایەتییان دەرنەبڕی لە حاڵێکدا خوێندکاران لە ئەمریکا و ئورووپا دژی نادادپەروەری و کوشتن لە غەززە و فەلەستین هاواریان دەکرد.
قسەکانی پزیشکییان لە حاڵێکدایە کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی ناڕازی دەسبەسەر و ئەشکەنجە کران و ڕووبەڕووی سزای قورسی قەزایی بوونەوە و لە خوێندن بێبەش کران.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لانیکەم ٧٢٠ خوێندکار و چالاکی خوێندکاری لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و ژمارەیەکی زۆریشیان لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون.
جێگەی ئاماژەیە لە زۆربەی ناڕزەیەتییانەکانی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران، خوێندکاران دروشمی ''نە غەززە و نە لوبنان''یان وتووەتەوە و دژایەتیی خۆیان لەمەڕ دەستێوەردان و پشتیوانیی کۆماریی ئیسلامی لە فەلەستین و لوبنان و وڵاتانی ناوچە کردووەتەوە.