کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٣٠٠ چالاکی مەدەنی: یاسای عیفاف و حیجاب و نە ڕەوایی هەیە و نە جێبەجێ دەکرێت

11:12 - 18 سەرماوەز 2724

ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکوان و چالاکانی مەدەنی، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕەخنەکان لە بەناو یاسای عیفاف وحیجاب، بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان دژی ئەم یاسایە بڵاو کردەوە.

ئەم بەیاننامەیە کە زیاتر لە ٣٠٠ چالاکی مەدەنی واژۆی کردووە، ئەم یاسایەی تەنیا وەک "بیانوویەک" بۆ گۆڕینی پەیوەندی "حکوومەت-شارومەند" بۆ پێکهاتەیەکی "دەسەڵاتدار- ژێردەست" هەڵدەسەنگێنێت.

چالاکوانانی ژنان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سیستمی "چاودێری ئەمنییەتی" کە ئەم یاسایە بەڕێوە دەبات، ژیانی کەسیی خەڵک بە تایبەتی ژنان دەباتە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی خۆیەوە و پەیوەندی هاووڵاتیان لەگەڵ یەکتر بۆ پەیوەندییەکی پڕ لە گومان و بێ متمانەیی دادەبەزێنێت.

واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە هەروەها هۆشدارییان داوە کە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی یاسای حیجاب و عیفاف، "ڕووخانی هاوپێوەندی کۆمەڵایەتی" بەداووەیە، بەتایبەتی بە ئاماژەدان بە ڕاپرسیی هەڵوێستەکانی خەڵکی ئێران کە لە ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن ناوەندێکی ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە کە دەریخست ٨٤%ی خەڵک دژی دەستێوەردانی ڕێژیم لە بواری حیجابدا دان.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا، چالاکانی مەدەنی جەختیان لەسەر مافی هەڵبژاردنی هاووڵاتیان و بەتایبەتی ژنان کردووەتەوە و نووسیویانە: "بڕیارنامەی ئەم دواییەی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە حیجاب و عیفاف، بەگوێرەی پرەنسیپ و ڕۆحی یاسادانان نییە و لەگەڵ عەقڵی گشتیی خەڵکی ئێران ناگونجێت، نە ڕەوایی هەیە و نە جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەیاسای "عیفاف و حیجاب" سزا و جەریمەی زۆر و قورس بۆ دژبەران و پێشێلکەرانی حیجابی زۆرەملێ لەخۆ دەگرێت کە لە ٢٨ی ڕەزبەردا لەلایەن شورای نیگابان پەسەند کرا و ئێستا لە دەستی مەجلیسدایە.

 

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕەخنە لە دژی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەنێو چالاکانی مەدەنی، هونەرمەندان و چالاکانی سیاسی ئێراندا وەڕێ کەوتووە و بەتوندی دژایەتی خۆیان سەبارەت بەو یاسایە دەردەبڕن.