کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا محەممەد شەڵماشی لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات

11:40 - 18 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا محەممەد شەڵماشی، زانای ئایینی و برای شەهید مەلا ئاوارە و کاک مستەفا شەڵماشی یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکێک لە بنەکەکانی حیزب بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداربوونی ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکان و هەروەها ئەندامانی حیزب بەڕێوەچوو و ئامادەبووان پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز مستەفا مەولوودی، ئەندامی بەڕێوەبەریی حیزب بە نوێنەرایەتیی لە حیزبی دێموکرات سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی مامۆستا محەممەد شەڵماشی کرد و بە ئاماژەدان بە هەوڵ و تێکۆشانی ناوبراو لە بزووتنەوەی کورددا وتی: "لە دەستدانی کەسانی وەک مامۆستا بۆ هەمووان خەسارە و ناوبراو خزمەتێکی بەرچاوی بە زانست، ئەدەب و کولتووری کورد کردووە".

پاشان بەڕیز مستەفا شەڵماشی، کەسایەتیی ناسراوی حیزبی دێموکرات و برای خوالێخۆشبوو بە ئاماژەدان بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی مامۆستا محەممەد شەڵماشی بۆ خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد و هەروەها کولتوور و هونەری کوردی ڕایگەیاند، بە شانازی دەزانێت کە ئەمڕۆ لێرەدا و لە نێو بنەماڵەکەی خۆیدا پرسەی بۆ دانراوە و زیادی کرد کە بەشێکی زۆری کەسایەتیی بەرزی مامۆستا محەممەد و بنەماڵەی شەڵماشی دەگەڕیتەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبازە پیرۆزەکەی.

بەڕێز شەڵماشی لە درێژەی قسەکانیدا ئاسەوارە بەنرخە بەجێماوەکانی مامۆستای بە سەرمایەکی گرینگ بۆ نەتەوەی کورد، حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکەی زانی و لە کۆتاییشدا ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە چیتر پێویست نەکات کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوور لە زێدی خۆیان ئەسپەردەی خاک بکرێن.

مامۆستا محەممەد شەڵماشی زانا، ئەدیب و نیشتمانپەروەری گەلی کورد شەوی چوارشەممە ١٤ی سەرماوزی ١٤٠٣ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

جێی ئاماژەیە شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕێوڕەسمێکی دیکەی سەرەخۆشیی خوالێخۆشبوو کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد.