
غوڵامحسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە زۆرترین فەرمانی بڕینی دەست لە ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە.
ئێژەیی ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز لە قسەکانیدا لە یەکەی زانست و لێکۆڵینەوەی زانکۆی ئازادی تاران، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سزایە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ڕەوتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە، جێبەجێ کراون.
ئێژەیی کە بە یەکێک لە پێشێلکارە دیارەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دادەنرێت، لە بەشێک لە قسەکانیدا بۆ خوێندکاران وتی؛ ئەگەر دزییەکە بەو مەرجانەی لە ئیسلامدا هاتووە سەلمێنرا، پێویستە پەنجەکانی دزەکە ببڕدرێت.
ناوبراو بە شانازییەوە بڕینی دەستی بە فەرمانی خوا زانی و زیادی کرد کە ئەم فەرمانە لە ئێران لە بارودۆخی ئێستا و سەرەڕای گوشاری دامودەزگا جۆراوجۆرەکان هێشتا جێبەجێ دەکرێت.
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی دوابەدوای ڕەخنەی نێودەوڵەتی، هەوڵی داوە ئاماری دەرچوون و جێبەجێکردنی فەرمانی دەستبڕین کەمتر لە ڕابردوو ئاشکرا بکات.
دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای بڕینی جەستەی مرۆڤ لە ئێراندا لە کاتێکدایە کە کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە کۆماری ئیسلامیش واژۆی کردووە، بە ڕاشکاوی جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانە قەدەغە دەکات و سزای بڕینی دەست لە ڕیزی ئەو جۆرە سزایانەدایە.
ئێران یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە بۆ هەندێک تاوان کەڵک لە سزای بڕینی بەشەکانی جەستەی وەردەگرێت و نەچووەتە ناو پەیماننامەی نێودەوڵەتی دژی ئەشکەنجەدانەوە.
هەرچەند ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بە بەردەوامی داوای ڕاگرتنی دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەو سزا نامرۆڤانەیان لە ئێران کردووە، بەڵام دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای وەکوو لێدانی قامچی و بڕینی جەستەی مرۆڤەکان لە کۆماری ئیسلامیدا بەردەوامە.