کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی سووریە و کاردانەوەکان پاش ڕووخانی دیکتاتۆر ئەسەد

18:02 - 18 سەرماوەز 2724

هاوکات لەگەڵ شکستی کتوپڕی هێزەکانی ئەرتەشی بەشار ئەسەد، دژبەرانی دیکتاتۆری سووریە توانییان دەست بە سەر پێتەختی سووریەدا بگرن و کۆتایی بە دیکتاتۆرییەتی پەنجا و سێ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد بهێنن.

سەرۆکوەزیرانی سووریە لە دوای هەڵاتنی سەرۆککۆمار ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هەر ڕێبەرییەک کە بژاردەی خەڵکی سووریە بێت دەربڕیوە.

محەممەد ئەلجەلالی ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ ئەبومحەممەد ئەلجوولانی لە پێوەندیدا بووە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات قسەیان کردووە.

جوولانی، ڕێبەری دەستەی تەحریروشام کە ناوی خۆی بۆ ئەحمەد ئەلشەرع گۆڕیوە ڕایگەیاندووە کە چالاکیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان تا کاتی ڕادەستکردنی فەرمیی دەسەڵات لە ژێر چاوەدێریی سەرۆکوەزیران، محەممەد ئەلجەلالیدا بەڕێوە دەچێت.

هەر لەم پێوەندییەدا فەرمان بە چەکدارانی دژبەری ئەسەد دراوە کە خۆیان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان دوور بگرن.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیاریی سەرچاوە ڕۆژاواییەکان بەشار ئەسەد، دیکتاتۆری سووریە شەوی ڕابردوو دەمێشقی بەرەو بنکەی ڕووسیە لە سووریە جێ هێشتووە تاکوو بە یارمەتیی هێزە ڕووسییەکان ببرێتە مۆسکۆ.

هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕە خێراکانی سووریە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی دێموکراتی سووریە کە بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە بە پشتیوانیکردن لە ڕووخانی مێژوویی ڕێژیمی ئەسەد ڕایگەیاند "ئێمە لە سووریە لە کات و ساتێکی مێژووییداین و ئەم ئاڵوگۆڕانە دەرفەتێکی نوێیە بۆ پێکهێنانی سورییەیەکی نوێ کە بنەماکانی دێموکراسی و دادپەروەریی بۆ هەموو خەڵکی سووریە تێدا ڕەچاو کرابێت".

هەر لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووخانی دیکتاتۆری بەرەی ناسراو بە "مقاومەت"، سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا هەڵاتنی بەشار ئەسەدی بە لەدەستدانی پشتیوانییەکانی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی گرێ داوەتەوە.

 

دۆناڵد ترامپ لەم بارەوە لە هەژماری ترووسی خۆیدا نووسی: "ئەسەد هەڵاتووە و پشتیوانی ئەو، ڕووسیە بە ڕێبەرایەتیی ڤێلادیمیر پووتین چیدیکە حەزی لە پاراستنی ئەو نەبوو".

سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕووسیە بەبۆنەی شەڕی ئۆکراین و کۆماری ئیسلامی بەهۆی سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هەروەها قەیرانی ئابوورییەوە لە دۆخێکی لاوازدان.

هاوکات لەگەڵ هەڵاتنی بەشار ئەسەد و ڕووخانی ڕێژیمەکەی پاش تاوانگەلێکی زۆر بە دژی مرۆڤایەتی، خەڵکی سووریە هاتنە سەر شەقامی شارەکان لەم وڵاتە و شادی و دڵخۆشیی خۆیان لەهەمبەر کۆتاییهاتن بە ٢٤ ساڵ زوڵم و کوشتار دەربڕی.