کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیئۆرییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

01:06 - 19 سەرماوەز 2724

تیئۆرییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

ئەلبورز ڕوئین‌تەن

 

دەستپێک

لە سیاسەتی دەروەی وڵاتاندا بەشێکی گرینگ  لە ئاستی ئاکادیمیادا لەژێر ناوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی نۆزدەوە لە چوارچێوەی تێئۆریی جیاوازەوە شرۆڤە دەکرێت و دەخوێندرێ. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سیاسەتی وڵاتان لە سەردەمی زۆر کەونارەوە جێگای سەرنج بووە و هزرمەندان و سیاسەتوانان بە دوای وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاردا دەگەڕێن، وەک: وەک بۆچی لە نێوان دو وڵات، یا دو دەسەڵات یا پاشایەتی، یا دو ئیمپراتۆری، شەڕ ڕوو دەدات؟ بۆ ئاشتی هەیە؟ بۆ ڕێککەوتن و هاوکاری دەبێ هەبێت؟ بۆچی پەیوەندیی بازرگانی هەیە؟ کاریگەری شەڕ و ئاشتی لە سەر بازرگانی یا بە پێچەوانە چیە؟ ڕۆڵی ئایین لە سەر جۆری پەیوەندییەکان چیە؟ کولتووری هاوبەش و دژ بە یەک چ کاریگەریەکی بە یەک هەیە؟ هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی تێئۆرییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا هەوڵی تێگەیشتن و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەردێت. لێ ورد بوونەوە لەو تێئوریانە دەتوانێ باشتر هۆکاری بڕیاری سیاستوانان لە ئاستی سیاسەتی دەروەدا دەربخات.

تێئۆری لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا

لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان یا بابەتێکی تایبەت یا گشتی کەڵک لە تێئۆری وەردەگیرێ، واتە تیئۆری ئەو کۆمەڵە یا چوارچێوە یا پەرسپێکتیڤەیە کە لەگەڵ خۆی خەملێنراو یا هۆکار بۆ بابەتەکان دەهێنێ و هەوڵ دەدات بە دیاریکردنی چوارچێوەی دیاریکراو وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. لە زانستی کۆمەڵایەتیدا تێئۆری ڕوونکردنەوەیەکی سیستماتیکی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە. کۆمەڵێک بیرۆکە و گەڵاڵەی بەیەکەوە گرێ دراون کە ئامانجیان ڕوونکردنەوەیە کە چۆن یان بۆچی بابەتەکان لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن. تێئۆرییەکان یارمەتیی زانایانی کۆمەڵایەتی دەدەن بۆ مانای ڕەفتار و کارلێک و پێکهاتە ئاڵۆزەکان لەنێو کۆمەڵگەکاندا. بە دابینکردنی چوارچێوەیەک، تێئۆرییەکان ڕێنمایی توێژینەوە دەکەن، گریمانەکان پێشنیار دەکەن و یارمەتیی لێکدانەوەی دۆزینەوەکان دەدەن. بۆ نموونە لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە وەڵامی پرسیاری بۆچی لە نێوان وڵاتاندا شەڕ ڕودەدات یا بۆ کێبەڕکێ لە سەر هێز هەیە، لە چوارچێوەی تێئۆری بەو شێوەی وەڵام دەدرێتەوە کە سەرەتا پێناسەیەک بۆ دونیا و ڕۆڵی وڵاتەکان و سروشتی سیاسەتی دەرەوە دەکرێ، دواتر بە هۆی ئەو پێناسە یا خەمڵاندنانە هەوڵی وەڵامی هۆکاری ڕوودانی شەڕەکان دەکرێ و بە چەسپاندنی ئەو تێئۆریە لەسەر دۆخی نێودەوڵەتی لە ڕابردوو یا ئێستا هەوڵی تێگەیشتن و شیکردنەوەی چۆنیەتی بڕیارەکان دەدرێت. بۆ نمونە ئێمە لە دوای شەڕی جیهانیی دووەم و بە تایبەتی شەڕی سارد ئێمە نەماندیوە یا زۆر بە کەمی دیومانە کە وڵاتە دێموکراتیکەکان شەری یەکتر بکەن.   بەڵام بۆ ئەوەی لەو دیاردەیە باشتر تێ‌بگەین کەلک لە تێئۆری Democratic Peace Theory وەردەگرین، ئەو تێئۆرییە شی دەکاتەوە بۆچی یا دەبینین وڵاتەکان شەڕ بکەن و نەکەن ساڵانە بودجەی تایبەتی شەڕ و بەهێزکردنی توانای نیزامییان هەیە. باشە وڵاتێک کە بەتەمای شەڕ نییە و نایکات، بۆچی دەبێ میلیارد میلیارد دۆلار لە بودجەی لەشکریدا خەرج بکات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ڕێگەی تێئۆریی ڕیئالیزمدا دەدریتەوە کە دەڵێت دونیا گوڕەپانی کیبەرکیێ وڵاتانە بۆ ئەوەی زیاتر بەهێز بن و لەو ڕێگەیە ئاسایشی خۆیان دەستەبەر بکەن.

لە بەشی تێئۆرییەکانی پەیوەندیە نێونەتەوەییەکانیش چەندین تێئۆریی باو هەن کە چۆنیەتیی ڕووداو و بڕیارەکانی سیاسەتی دەروەی وڵاتەکان شی دەکەنەوە کە لە خوارەوە بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەین.

ڕیئالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

یەکێک لە بە ناوبانگترین تێئۆری لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ڕیئالیزمە کە سەرچاوەکەی بۆ نووسینەکانی توسیدوسی خەڵکی ملینیا لە یونانی کەونار دەگەڕێننەوە و دواتر لە نووسینەکانی هابز، ماکیاولی و مورتینۆگۆ لە ئێستادا باسی لێوەکراوە. توسیدوس خەڵکی ملنیا بوو لە سەردەمی شەڕی پلوپێنزی کە لە نێوان سپارتا و ئاتن لە ئارادا بوو. ملنیا دەیهەویست بێلایەنی هەڵبژێرێ، بەڵام سپارتەکان لە ترسی ئەوەی ملنیا و ئاتن یەک نەگرن، ئەوانی بۆ نێو شەڕەکە ڕاکێشا و بیلایەنیی ملنیا ئەوانی لە شەڕ نەپارست و ئەوەش وای کرد توسیدوس ئەو ڕستە بە ناوبانگەکەی بە سەرچاوەی ڕیئالیزمیش دەزانرێ، بنووسێ. توسیدوس دەڵێ: "بەهێز مەحکوومە بە بەکارهێنانی هێز و لاوازیش ناچارە ئازار ببینێ و بچێژێ". بە وردبوونەوە لە ڕستەیە و بەراوردکردنی لەگەڵ زۆربەی ڕووداوەکانی ئێستای دونیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە بۆچی ڕیئالیزم تا ئێستاش لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەناوبانگە. بناغەی تێئۆریی ڕیئالیزم لەسەر چەند خەملێنراو دامەزراوە کە یەکەمینیان ئانارشیزم لە دونیادایە. واتە دونیا پێک هاتووە لە کۆمەڵێک یەکە یا ئەکتەر بە ناوی وڵات کە لە ڕووی هیرارشیەوە لە یەک ئاست و یەکسانن و نەبوونی ئەو هێرارشیە و یەکسانی یا وەک یەکییەی وڵاتەکان بە واتای ئانارشیزم دێت. ئەو ئانارشیزمە بە جورێکە هەر وڵاتێک بۆ ئەنجامی هەر کارێک پێویستی بە ئیزنی وڵاتێکی دیکە نییە، ئەوەش دونیایەکی مەترسیدار وێنا دەکات کە سەرچاوەی پاراستن تەنیا بە هێز دەبەستێتەوە. یا بە جورێکی دیکە ئەگەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بازار با، پارەی ئەو بازاڕە هێز دەبوو.

دووهەمین کۆڵەکەی بناغەی ڕیئالیزم دەڵێ ئەکتەری سەرەکی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وڵاتەکانن. ئەو شێوازە تێڕوانینە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕیئاڵیزمدا ڕۆڵی دامەزراوە یا گرووپ یا ناوەندگەلی دیکە کەم ڕەنگ ببێتەوە و لەسەر ئەوە دەوەستێ کە وڵاتەکان بڕیاردەری سەرەکین. ئەو تێڕوانیە وا دەکات بڕیارەکانی وڵاتان جا بە ئەرێنی یا نەرێنی بە هەند وەربگیرێ و بە سەرچاوەی دیاریکردنی جۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دابندرێن. ئەو کۆڵەکە لە ڕیئاڵیزم وا دەکات هەڵسوکەوتی وڵاتەکان بە عەقڵانی بزانێت، واتە هەر بڕیارێکی کە وڵاتان دەیدەن لە ئاستێکدا و بە نیسبەت خۆیان بە عەقڵانی لێک‌دەدرێتەوە، تەنانەت بەجۆرێک شرۆڤەی ئەو بڕیارانە بە نیسبەت هەر وڵاتێک دەکرێ کە دەبا وا کرابا. بۆ نموونە لای ڕووسەکان هێرشکردنە سەر ئوکراین عەقڵانییە و بۆ ئوکڕاینیەکیش بەرگریکردن لە بەرانبەر ئەو هێرشە ڕەوا و عەقڵانییە و ئەگەر سبەی پێک بێن و ئاشتیش ببنەوە، هەر بەمجۆرەیە؛ چونکە ڕیئاڵیزم وڵاتەکان بە ئەکتەرێکی عەقڵانی دەزانێ.

بەگوێڕەی ڕئاڵیزمەکانیش ئەمنییەت پرسی سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. واتە هەر بڕیارێکی وڵاتان بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی خۆیەتی کە لە ڕێگەی بەهێزییەوە دەستەبەر دەکرێ و هەر بۆیەش کێبەڕکێیەکی توند لە سەر بەهێزبوون هەیە و تاکە فاکتەری ئاسایش و پاراستن بۆ ئەو بەهێزییە دەگەڕێتەوە. هەر بۆیەش لە ڕیئاڵیزمدا گرینگییەکی زۆر بە فاکتەری هێز دەدرێت و هەروەها بە پێچەوانەکەی. هەر وەک توسیدوس دەڵێ لاواز ناچارە ڕەنج و ئازار بکێشێ و لە بەرانبەردا بەهێزەکان چونکی بەهێزن، ناچارن بە بەکارهێنانی هێز. دەتوانین کێبڕکێ لەسەر بەهێزی هەر لە سەرەتای مێژووەوە تا بە ئەمڕۆ ببینین کە ئێستاش لەنێو وڵاتاندا بە میلیاردها دۆڵار بۆ دابینکردنی چەک و چۆڵ یا کێبەڕکێی هەبوونی چەکی ئەتۆمی تەرخان دەکرێت.

 دوایین لایەنی سەرەکیی بناغەی ڕیئاڵیزم ئەوەیە شەڕ و کێبەڕکێی نێوان وڵاتەکان بە سروشتی دادەنرێت. واتە ئەوەی کە شەڕ ڕوو دەدات یا ئاشتی و کێبەڕکێ لەسەر هێز هەیە و ئەم ململانێیانە لە ناخ و سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوانە هەموو سروشتین. هەر لە بەر ئەو سروشتەی دونیاشە کە بەو شێوەیە لەنێو مرۆڤایەتی یا بە وتەی ڕیئاڵیستەکان لەنێو وڵاتەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی هەیە.

بەگوێرەی چوارچێوەی ڕیئاڵیزم لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بەردەوام کۆمەڵێک چەمک دەکەونە بەر باس و لێکۆلینەوە. یەکێک لەو چەمکانە باڵانسی هێزە. ئەو دۆخە ڕۆژانە لەسەر دۆخی سیاسیی ناوچەکەی خۆمان -ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست- کە گۆڕەپانی کێبەڕکێی زلهێزانی دونیا و هێزە ناوچەییەکانە بەرچاو دەکەوێ و بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێت کە پێویستە باڵانسێک لە نێوان هێزەکاندا هەبێ بۆ ئەوەی هەمووی هێز یا بەرژەوەندی بە لای یەک هێزدا نەشکێتەوە. یا باس لە هاوپەیمانی دەکرێ کە وڵاتەکان بۆ ئەوەی بتوانن باڵانسی هێز بە سودی خۆیان بگۆڕنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن. ئەوەی لە شەڕی جیهانیی دووەمدا دیتمان نموونەی بەرچاوی ئەو هاوپەیمانیە بۆ پاراستن و سەرکەوتن بوو. لە دۆخێکی وەهادا چەمکی دووانەی ئەمنییەتی بەردەوام و سەقامگیر دەکەوێتە بەر باس. چونکە ئەمنییەت دوو ڕەهەندی هەیە و زۆر جار هەندێک وڵات بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتەکەی، ڕێک ئەمنییەتی خۆی دەخاتە مەترسی و ئەوەی لە شەڕی ڕووسیە و ئوکڕایندا دەبینین نمونەی ئەو ڕاستییەیە کە بەردەوام لە نێوان وڵاتەکاندا ڕوو دەدات.

لە ڕیئاڵیزمدا سوودی ڕێژەی بۆ ئەوەی پێش بە سوودی ڕەها بگرێ چەمکێکی گرینگە بۆ ئەوەی لە نێوان هێزەکاندا ئاشتی دروست بێت. هەروەها ناسیونالیزم بە یەکێک لە دینامیزمە گرینگەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دادەنرێت. ئەو گرینگیدانەی ڕیئاڵیزم بە ناسیۆنالیزم بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی دەوڵەتەکان یا ئەکتەرە سەرەکییەکانی نێو پەیوەندییە نێونەتەوەییە لەژێر کاریگەری ناسیۆنالیزم‌دان هەر بۆیە ناکرێ ئەو دینامیزمە گرینگە وەلا بنرێت.

ڕیئالیزم لە ئێستاشدا زۆر بەهێزە بۆ شرۆڤەی ڕووداوەکان. بۆ نموونە هۆکاری پشتیوانی‌نەکردنی ڕۆژئاوا و وڵاتانی دیکە لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بناغەی ڕیئالیزمە لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەگەڕێنەوە کە وڵات بە ئەکتەری سەرەکی دەزانرێ و پاراستنی یەکیەتیی خاک و سنووری ئەو وڵاتانە بۆ پاراستنی ئەمنییەت بە گرینگ دادەنرێ؛ هەر بۆیەش تێکدانی ئەو سنوورانە ئەگەر زۆریش بەحەق و تەنانەت لە لایەن دۆستەکانیشەوە بێت، بەئاسانی قەبوڵ ناکرێ.لیبڕالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

یەکێک لە تایبەتمەندی کاری تیئورییەکان ڕەخنە یا دەرخستنی کەموکوڕیی تیئۆرییەکانی دیکەیە، بۆیە ئەو شیکردنەوەیە دەخاتە ڕوو تا زیاتر و باشتر وەڵامی پرسیاری جێگای لێکۆڵینەوە بداتە ئێمە، ئەو تایبەتمەندییە لە تیئۆریی لیبڕالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەبینین کە وەک ڕەخنە یا وەڵامێکیش بۆ ڕیئالیزمیش دەبیندرێت. تیئۆریی لیبڕالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لەسەر تێڕوانینی ئایدۆلۆژی لیبڕالیزم بە گشتی دامەزراوە؛ ئەو تیئۆرییەش وەک ڕیالیزم دان بە ئانارشیزم لە دونیادا دادەنێ، بەڵام پێی وایە ئەو ئانارشیزمە نابێتە هۆی شەڕو ئاڵۆزی بەڵکوو، هەر ئەو ئانارشیزمەیە کە دونیا بەرەوهاوکاری زیاتر دەبات و یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ڕێککەوتن و تەنانەت دروستکردنی دامەزراوەی جیاواز بۆ هاوپەیمانی هەژمار دەکرێت. لیبڕاڵەکان بەپێچەوانەی ڕیئالیستەکان بۆ تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی وڵاتەکان دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی نێوخۆ و کاراکتەری دەوڵەت لە ئاستی نێوخۆیی و بە گوێرەی شێوازی دەوڵەت لە نێوخۆ شرۆڤەی سیاسەتی دەرەوە دەکەن.

جیاواز لە ڕێئالیستەکان کە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە ئانارشی کە بۆتە هۆی کێبڕکێ بۆ بەهێز بوون دەبینن، لیبڕاڵەکان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە نێوەڕۆکی کاراکتەری نێوخۆی دەوڵەتەکان بە تایبەتی دێموکراتیک‌بوون و بەدوای بەرژەوەندی بازاڕدا دەبینن. یەکێک لە کۆڵەکەکانی لیبڕالیزم لەسەر بنەمای مۆدێرنیزاسیۆن و پێشکەوتنی مرۆڤ لە ئاستی جیاوازدا دامەزراوە، واتە پێشکەوتنی ڕەهەندی جیاوازی مرۆڤایەتی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی داناوەو وایکردوە پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی لەنێو وڵاتەکان پەرەبستێنێ. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی مۆدێرنیزاسیۆن لە هەنگاونان بەرەو دێموکراسی بە گرینگ دەزانن کە دەبێتە هۆی ئەوەی پەرە بە دروستکردنی پەیوەندی بدرێت و ئەوەش لە کۆتاییدا خۆشبژێوی مرۆڤایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێ. ئەو گرینگیدانە بە مۆدێرنیزاسیۆن لە لایەن لیبڕالیستەکان بە ڕێژەیەکە کە خۆشبەختی مرۆڤایەتی لە گرەوەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە ئاستی جیاوازدا دەبینن.

 هەر وەکوو ئایدۆلۆژی لیبڕالیزم لەسەر بنەمای تاکگەرایی دامەزراوە ڕۆڵی دەوڵەت بچووک دەکاتەوە، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا گرینگی بە ڕۆڵی تاک و دواتر گرووپ و دامەزراوەی دیکە دەدەن وەک ڕیئاڵیستەکان دەوڵەت بە ئەکتەری سەرەکی دانانێن، بەڵکوو سەرچاوەی هەڵسوکەوتی وڵاتێک بە تاک یا توێژێکی دیاریکراو گرێ دەدەن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی لیبڕالیستەکان باوەڕیان بە ڕۆڵی تاک لە کۆمەڵگە وەک پاڵنەرێکی بەهێز بۆ گفتوگۆ و بازرگانی و ئاڵۆگۆڕی جیاواز و لە کۆتاییدا گەڕان بە دوای بەرژەوەندیەکاندا هەیە.

ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی لیبڕالیزم وایکردوە ئەوان زۆر بە گرینگی فوکوس بخەنە سەر بازرگانیی نێودەوڵەتی کە کاریگەری زۆر ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دادەنێ و هەر وەکو لە ئایدۆلۆژی لیبڕالیزمدا هەیە، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بازاڕی ئازاد قسەی یەکەم لەو گرینگیدانە دەکات. لە هەمان‌کاتدا پەرەدان بە دەوڵەتانی دێموکراتیک و پەیوەندی ئەو وڵاتە دێموکراتیکانە کە لەگەڵ یەکتر زۆر بە دەگمەن شەڕ دەکەن ڕەهەندێکی گرینگی لیبڕالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان هەژمار دەکرێت. لیبڕالیستەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە پەسیفیزەکردنی ڕۆڵی دامەزراوەی یاسایی کە لە دەوڵەت بچێ غافڵ نابن هەرچەند نیئو لیبڕالیزم لەسەر بنەمای فاکشینالیزم واتە کارامەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بەرەو بە دامەزراوەیی‌کردن و گرینگیدان بە ڕۆڵی ئەوان هەنگاو هەڵدێنن.

لە چوارچێوەی لیبڕالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی چەمکەکانی وەک لیبڕالیزمی بازرگانی بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندی ئابووری بدرێت و بازاڕی ئازاد کاری خۆی بکات، هەروەها گرینگیی دێموکراتیک‌بوونی وڵاتەکان چونکە دێموکراسییەکان شەڕی یەکتر ناکەن و ئەو بابەتەش لە زۆر ڕووەوە جێگای سەرنجی هەموو لێکۆڵەرانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە، فاکشینالیزم بۆ ئەوەی بەربەستەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە چوارچێوەی هەندێ میکانیزمدا هەڵبگیرێ و هەروەها کۆزمۆپۆلیتنیزم بە واتای شارومەندی جیهان بوون و کاڵکردنەوەی سنوورەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەدا دەدرێت و بەردەوام وەک ترێندی باو باسیان لێ دەکرێت. لیبڕالیستەکان چۆن لە دونیای تاکگەراییەوە دەڕواننە هەموو بابەتێک، لە پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکانیش بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا خزمەت بە تاک بکات دەڕواننە پەیوەندییەکان.

مارکسیستەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

مارکسیستەکان وەک ڕیئالیزم یا لیبرالیزم بە تایبەتی نەپڕژاونەتە سەر بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، بەڵام لە چوارچێوەی تێڕوانین و دونیابینی خۆیان شڕۆڤەی ئەو بوارەیان کردوە. بە گوێرەی مارکسیستەکان پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بۆ خزمەتکردنی سەرمایە و چینی سەرمایەدار ڕێک خراوە و کارایە و، لەوێشدا بەرژەوەندی چینی کرێکار فەرامووش کراوە، بەبێ گوێدان بە وڵات یا شوێنێکی تایبەت بۆیە بە جۆرێک داوای لابردنی سنورەکانیش دەکات چونکە کاتێک باس لە یەکگرتنی کرێکارەکانی جیهان دەکات لەبەر ئەوەی هاوچارەنووسن، ڕووبەڕووی ئەو سنوورانە و بوارە دینامیزمە لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

چارەسەری هەموو ئەوانەش هەر وەک لە ئایدۆلۆژی سۆسیالیزمدا هەیە بە شۆڕش و ڕووخاندنی ئەو سیستمە و سەر لە نوێ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینی کرێکارو دژایەتی کردنی سەرمایە و سەرمایەدار دەزانێ و پێی وایە لە کۆتاییدا ئەوە ڕوودەدات کە دیتمان؛ ئەوە ڕووی نەدا وەکو زۆر بابەتی دیکە لەو پێشبینیەیان تووشی هەڵە بوون. تەنانەت هەڵسوکەوتی وڵاتە سۆسیالیستەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبینین بە تەواوی دەچنە نێو چوارچێوەی ڕیئالیستی و تەنانەت لییڕالیستی، بە جۆرێک کە چین یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین سودی لە بازاڕی ئازاد لە ئاستی نێودەوڵەتی بردوە و ئێستاش بە کۆڵەکەیەکی ئەو بازاڕە ئازادە کە بە گوێرەی تیئۆری لیبڕالیستی بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکان بە پێویست دەزانرێ دەبیندرێت.

کۆنستراکتیڤیستەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

زۆر جار کە باس لە تێڕوانینی کۆنستراکتیڤیستەکان بۆ پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەکرێ بە ئایدیالیستەکان دەیانناسن چونکە ئەوان بە تەواو جیاواز دەڕواننە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. کۆنستراکتیڤیستەکان پێیان وایە ئەوە ئایدیا و بیر وباوەڕ و ناسنامەیە کە پاڵنەری جۆری سیاسەتی دەرەوەو سەرچاوەی بڕیارەکان لە ئاستی نێونەتەوەییە نەک تاک یا دەوڵەت، ئەوان باس لە کولتووری دژ بە یەک و لە یەک نزیکی نەتەوەکان، یا ڕۆڵی ئایین یا هەر هزر و ئایدیایەکی دیکە ناسنامە دیاری بکات کاریگەری هەیە و لەو نێوەشدا ڕۆڵی ئێلیت بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیش زۆر بە گرینگ دەزانن. تێڕوانینی کۆنستراکتیڤیستەکان نۆڕم گەرایە و نرخی هاوبەش و گرینگی مرۆڤایەتی بە هەند وەردەگرێ هەر بۆیەش نزیک لە ئایدیالیستەکان هەژماریان دەکەن.

جیا لەوەش لایەنێکی دیکەی کۆنستراکتیڤیستەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باس لە گۆڕانکاری ناسنامە و ئایدیا لەژێر کاریگەری پەیوەندییەکان دەکەن. واتە بە هەمان شێوەی ناسنامە و ئایدیا ئاڕاستەی پەیوەندییەکان دیاری دەکەن پەیوەندیەکانیش دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن، ئەوان لە باوەڕەدان جیهان ئەو جیهانەیە کە لە باوەڕی تۆ دا مانا دەکرێت، هەروەها بەردەوام باس لە چەمکەکانی وەکو کۆمەڵگەی جیهانی و سیڤیل، گۆڕانکاری نۆرماتیڤ و ستراتیژی کلتووری وەک بەشێک لە کاری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەکەن.

ڕێبازی ئینگلیزەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا

لەو ڕێبازەدا کە لە هەر سێ تیئۆریەکانی ڕیئاڵیزم و لیبڕالیزم و کۆنستراکتیڤیستەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەندێک بنەمای وەرگرتووە هەوڵ دەدات شی بکاتە ڕاستە کێبەڕکێ لەسەر هێز هەیە بەڵام ئەو کێبەڕکێیە بنەمای شەڕ و ئاڵۆزی نییە، بەڵکوو سەرچاوەی هاوکارییە. هەر ئەو پێداویستیە بۆ هاوکاریش بۆتە هۆی دروستکردنی دامەزراوەی نێودەوڵەتی و یاسایی بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەر بن و لە جیاتی شەڕ و ئاڵۆزی بناغەی ئاشتی و هاوکاری دابنێن. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەوان باس لە سنودارکردنی بەکارهێنانی هێز دەکەن واتە هەبوونی هێز بە واتای بەکارهێنانی هەمووی ناکات، لە هەمانکاتدا ئەوان وێڕای ڕێز لە مافی خاوەندارێتی، هەوڵی پیرۆزکردنی ڕێککەوتنە نێونەنتەوەییەکان دەدەن بۆ ئەوەی جەخت لە هاوکاری لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و گرینگیەکەی بکەن.

بیرکردنەوەی پلۆڕالیستی، هاوسۆزی و تۆلێڕانس ئەو چەمکانەی ڕێبازی ئێنگلسن کە وەک پێناسەی ئەو ڕێبازە بەردەوام جەختی لێوەدەکرێت، هۆکاری ئەوەی کە ئەوان گرینگی بەو چەمکانە دەدەن بۆ گرینگی دیپلۆماسی و دیالۆگ لە ئاستی نێونەتەوەیی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئێمە ئامانجی ئەو ڕێبازە دەستنیشان بکەین پێویستە ئاماژە بە دیپلۆماسی و دیالۆگ بکەین، هەر بۆیەش لە جیاتی ڕەتکردنەوەی تیئۆریەک کە هەڵێنجراوی هەر سێ تیئۆرییەکەی دیکەیە خۆی دەبینێتەوە. شایانی ئاماژە پێدانە دیپلۆماسی و دیالۆگ وەک بەشێکی دانەبڕاوی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانن ئەگەر ئامانج ئاشتی و هاوکاری و کۆتایی هێنان بە شەڕ بێت، هەر بۆیەش ئەو ڕێبازە گرینگی خۆی هەیە.

فمێنیستەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

لەژێر چوارچێوەی تیئۆری ڕەخنە زۆر بیرۆکە هەن بابەتە جیاوازەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەکەونە بەر ڕەخنە، یەکێک لە دیارترینیان تێڕوانینی فمێنیستیەکان بۆ بابەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە. فمێنیستەکان بە تایبەتی بەڕەخنە گرتن لە ڕیئالیزم هەر توسیدوسەوە تا بە ئەمڕۆ باس لە تێڕوانینی خۆیان دەکەن. چونکە ئەوان زمانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وەک زمانی سیاسەت بە زمانی هێز و لە کۆتاییدا بە زمانی پیاو دەبینن، ئەو زمانە و تێڕوانینە بە سەرچاوەی نایەکسانی لەو بوارەدا دەبینن. فمێنیستەکان بە هێنانەوەی نمونەی وەک مارگرێت تاچر و هەروەها ئانگێلا مێرکل کە لە ئاستی سیاسەت و نێونەتەوەییدا زۆر سەرکەوتوو بوون نیشان دەدەن کە ئەو تێڕوانینە چەند هەڵەیە و دەبێ کار بکرێ بۆ نەهێشتنی ئەو زمانە پیاو و هێز تەوەرە و لەو ڕێگەیەشەوە یەکێک لە نایەکسانیەکان نەهێڵن و هەتا لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە هەبوونی ژنان کاریگەری ئەرێنێ بنوێنێ.

کۆبەند

لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە کام تیئۆری دروستە یا هەڵەیە، یەک تیئۆری بەتەنیا ناتوانێ وەڵامدەری هەموو دۆخێک بێت. هەر هەموویان دەتوانن لە شوێنێک دروست یا هەڵە بن. تیئۆرییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەیهەوێ هۆکاری بڕیارەکان لەو ئاستەدا بۆ ئێمە شی بکەنەوە. گرینگی زانیاری لەسەر تیئۆریەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بناغەی داڕشتنی سیاسەت لەو بوارەدا تا ڕادەیەک ڕوون ببێتەوە و لە چوارچێوەیەکی زانستیانەتر بڕوانینە دۆخی سیاسەتی نێونەتەوەیی. هەروەها نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە زۆر بڕیار و سیاسەت هەن پەیڕەوی لە هیچ یەک لەو تیئۆریانە ناکەن یا بە پێچەوانەی باوەڕ و ئایدیای خۆیانیش دیاری دەکرێن کە ئەوانیش لە چوارچێوەی دیکە جێگای لێکۆلینەوەن، بەڵام تێگەیشتنی سەرەتایی لەو تیئۆریانە دەتوانێ هۆکاری زۆر ڕووداویش دیاری بکات، هەر بۆیەش ئەگەر تیئۆری وەک لێنزێک هەژمار بکەین لەڕێگەی ئەو لێنزەوە سەیری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بکەین بە لێنزی ڕیئالیسم دەبینین کێبەڕکێ لەسەر ئاسایش و هێز لە دونیایەکی ئانارشیست هەیە، باڵانسی پاور باسی لێ دەکرێ و دووانەی ئاسایش و ناسیۆنالیسم هەیە. ئەگەر بە لێنزی لیبرالیزم چاو لێبکەین دەبینین تاک و گرووپەکان لە هەموو شوێن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵێک چالاکی هەیە و هاوکاری یەکتر دەکەن و دامەزراوەی نوێ دادەمەزرێنن و دەوڵەت بازرگانی ئازاد دروست دەکات تا دەوڵەتە دێموکراتیکەکان لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بن. بە لێنزی مارکسیستەکان شەڕی چنیایەتی باڵی بە سەر هەموو بوارێکدا کێشاوەو پەیوەندیە نێونەتەوەییەکان لە خزمەتی سەرمایەداری و نایەکسانی دایە و لە کۆتاییدا پێویستە شۆڕش بکرێ بۆ نەهێشتنی سەرمایەداری و دواتر ڕێکخستنەوەی ئەو بوارە. بە لێنزی کۆنستراتیڤەکان ئەوە تاک و گرووپ و دەوڵەتەکان نین کە کاریگەریان لەسەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان هەیە بەڵکو ئایدیاکان و نۆڕمەکانن کە دەبنە هۆی دروستکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک و هەروەها ئێلیت لە هەموو شوێنێک کاریگەریان هەیە. هەروەها فمینیستەکان ڕەخنە لە نایەکسانی و زمانی پیاوانە لەو بوارەشدا دەگرن و بەردەوام باس لە ڕۆڵی جێندەر دەکەن و هەبوونی ژن لە چوارچێوەی دەوڵەتەکان بۆ پەیوەندییەکان بە گرینگ و پێویست دەزانن.