دایە مەلازادە حوسێنزادە، ژنە تێکۆشەر و خەباتگێڕی کوردی خەڵکی بۆکان و دایکی کاک عەلی بداغی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچیدوایی کرد.
ژیانی دایە مەلازادە کە لە تەمەنی سەروو ٧٠ ساڵی و بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە ژینئاوایی لە نیشتمان و بنەماڵە و کەسوکاری کرد، لە هەڕەتی لاوەتییەوە بە خەباتی سیاسیی نەتەوەکەیەوە گرێ درا؛ ئەوکاتەی هاوژینەکەی، ڕەحیم بداغی سەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ خەبات و تێکۆشانی سیاسی هەڵبژاردبوو. دایە مەلازادە لە کاتێکدا پێشمەرگەکان شاریان جێ هێشتبوو و لە ناوچە ئازادکراوەکاندا درێژەیان بە خەبات دەدا، لە نێوشاری بۆکان مابۆوە و بە زەحمەت و تێکۆشان و ماندووبوونی شەو و ڕۆژی، ئەرکی ڕاگرتنی ماڵ و سەرپەرستیی منداڵەکانی گرتبووە ئەستۆ. پاش ئەوەش، بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ ساڵ و هەتا لە دەستدانی هاوژینەکەی، تامی تاڵی ژیانی دوورخراوەیی چێشت.
دایە مەلازادە ژنێکی بەبیروباوەڕ، کۆڵنەدەر و نەسرەوتوو بوو، شانازیی بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات دەکرد و پاش مەرگی هاوسەرە تێکۆشەرەکەشی، منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری گەورە کرد.
عەلی بداغی، کوڕێکی دایە مەلازادە ماوەی ٢٤ ساڵە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا لە سەنگەری خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەکەیدایە و ئێستا ئەندامی ڕێبەریی ئەم حیزبەیە.
تەرمی دایە مەلازادە، هەمان ڕۆژ لەنێو ئاپۆرای خەڵكی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا و گڵکۆکەی بە لۆگۆی حیزب و جامانەی پیشمەرگانە ڕازێندرایەوە.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی دایە مەلازادە حوسێنزادە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکا و خۆی بە بەشداری خەم و پەژارەی ئەو بنەماڵە خەباتگێڕە دەزانێت.