
هاوکات لەگەڵ ڕووخانی دیکتاتۆری پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی خۆیان لەهەمبەر ئەم ڕووداوە مێژووییە دەربڕی.
مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم کە لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگی بەرپرسیارەتی خۆیدا کاریگەرترین خەسارەکانی بۆ سەر بەرەی بە ناو "مقاومەت" بینیوە، لە یەکەم کاردانەوەی خۆیدا لەهەمبەر ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد ڕایگەیاند کە خەڵکی سووریە دەبێت بەبێ دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی و لە کەشێکی هێوەردا چارەنووسی داهاتووی وڵاتی خۆیان دیاری بکەن.
ئەم قسانەی پزشکییان لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە سووریەی کردووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا و بەتەواوی چارەنووسی خەڵکی سووریەی بەرەو ئاقارێکی ڕەش برد.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە چەند ڕۆژ پێش چووە دەمێشق و دۆخی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی سەقامگیر لە قەڵەم دابوو، پاش هەڵاتنی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند کە لە پێوەندیی لەگەڵ سووریەدا هەموو شتێک ڕوون بوو و شیکارییەکان پێشبینی ئەم ڕووداوەیان کردبوو.
هەر لەپێوەندیی لەگەڵ کاردانەوەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە تاران چاوەڕوانیی پیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ سووریەی داهاتوودا هەیە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدا کە لە کاردانەوەکانیان لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا باسیان لە ناڕازیبوونی خەڵکی سووریە لە ئەسەد کردووە و بەشار ئەسەدیان بە گرینگینەدان بە دەنگی خەڵک تۆمەتبار کردووە کە لە پاش ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە سووریە سەری هەڵدا، کۆماری ئیسلامی بە ناوی پشتیوانیکردن لە خەڵکی سووریە چالاکیی سەربازیی خۆی لەم وڵاتەدا دەست پێ کرد و ڕێژیمی ئەسەدی بە حکوومەتی دڵخوازی خەڵکی سووریە لە قەڵەم ئەدا.
لە کۆتاییدا یەکێک لە گرینگترین کۆڵەکەکانی پێکهاتەی بە ناو بەرەی "مقاومەت" لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا ڕووخا و سەرۆککۆمارەکەی بەرەو ڕووسیە هەڵات.