
ڕێکخراوی هاوپەیمانی دژ بە ئێرانی ئەتۆمی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕووداوەکانی سووریەی بە نوێترین نیشانەی داڕمانی دەسەڵاتی خراپ و پووچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دا.
لەم ڕاگەیەندراوەدا بە ئاماژەدان بە لەناوبردنی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم هاتووە، گەلی ئێران لە ئاخووندەکان و دەستووپێوەندییەکانیان بێزارن و لە ئێستادا و پاش هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە ٥ی خەزەڵوەر، ڕێژیمی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر بێ دەرەتان و بێ بەرگری ماوەتەوە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکە دا هاتووە کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە خەڵکی ئێران لەژێر دەسەڵاتی دوو ئاخوندان و ئازاریان چەشتووە و ئەم دوو ئاخوندە بوونەتە هۆی کوشتن و ئازاری بەرفراوان و ناسەقامگیری لە هەموو جیهاندا.
ڕێژیمی تاران لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە لەگەڵ دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان لە سووریە، هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە جێگیر کردبوو.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە مەبەست لە ناردنی هێز بۆ سووریە پاراستنی شوێنە شیعەکان بووە لە بەرامبەر هێرشی گرووپە جیهادییەکان بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو هێزانە ئەرکی پاراستنی بەشار ئەسەد، هاوپەیمانی دێرینی تاران لە دراوسێتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە.
بەپێی ئامارەکان، لانیکەم ٢ هەزار و ١٠٠ کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە لەژێر ناوی "پارێزەرانی حەرەم"، لەم ساڵانەدا کوژراون.
کوژرانی هەزاران کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا تێچووی پاراستنی ڕێژیمی ئەسەد لەم ساڵانەدا بۆ تاران نەبوو، حشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە و بەهرام پارسایی، دوو ئەندامی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٣٠ ملیارد دۆلاری لە سووریە خەرج کردووە کە وێدەچێت لەوەش زیاتر بووبێت.
ڕووخانی ئەسەد پاش ساڵانێک تێچوو بۆ کۆماری ئیسلامی و هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بۆ سەر بەرەی ناسراو بە "مقاومەت"، ئەم بەرەیەی لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز کردووە.