کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی لقی قودسی سپای پاسداران بە فڕۆکەی ماهان لە لازقییە چوونەدەرێ

12:15 - 19 سەرماوەز 2724

سەرچاوەیەک لە هێڵی ئاسمانیی ماهان ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەرز ڕاگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فڕۆکەخانەی لازقییەی سووریە، هێزەکانی سپای قودسی بە فڕۆکەی ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییە، گواستۆتەوە بۆ تاران.

ئەم سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە کە هێڵی ئاسمانیی ماهان ڕۆژی یەکشەممە چەند گەشتێکی بۆ سووریە هەبووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، گەشتێک لە ئاسمانی عێراقەوە بەرەو لازقییە ڕۆیشتووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە میدیاکان باسیان لەوە کردبوو کە ژمارەیەک لە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە پاش توندتربوونی ململانێکان لەم وڵاتە، هەڵاتوونەتەوە بۆ ئێران.

سەرچاوەکەی هێڵی ئاسمانیی ماهان لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی سپای قودسی پاسداران لە سووریە ڕایگەیاند کە هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا فڕۆکەیەکی دیکەی ماهان لە لازقییە نیشتووەتەوە.

 سەرچاوەکە زیادی کردووە هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا فڕۆکەیەکی دیکەی ئەم هێڵە ئاسمانییە بەرەو لازقییە بەڕێکەوتبوو بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە بنیشێتەوە و ناچار بووە بگەڕێتەوە فڕۆکەخانەی "خومەینی"ی تاران.

بەپێی زانیارییەکان ئەو فڕۆکانە هەر لە دەستپێکی هەستانیان لە فڕۆکەخانەوە، ڕادارەکانیان دەکوژێننەوە.

فڕۆکەخانەی لازقییە دەکەوێتە ڕۆژئاوای سووریە و لە کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاستدایە کە تاکوو ئێستاش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕووسیەدایە.

ئەمریکا پێشتر هێڵی ئاسمانیی ماهانی بەهۆی هاوکارییەکانی لەگەڵ سپای پاسداران و تێوەگلانی لە گواستنەوەی چەک بۆ میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا، سزا داوە.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی بەشداریکردنی فڕۆکەکانی ئەم شیرکەتە لە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بەمەبەستی بەکارهێنان لە شەڕی ئوکڕایندا، گەمارۆی خستەسەر ئەم هێڵە ئاسمانیە.