
مەولوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، لە کاردانەوە بە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، ئەم ڕووداوەی بە وەدیهاتنی یەکێک لە خەونە لەمێژینەکانی گەلی سووریە زانی و هیوای خواست کە ئەم پێشکەوتنە ببێتە هۆی سەرەتای ئاسایش و ئاسوودەیی لەم وڵاتە.
ناوبراو لەم پێوەندییەدا وتی: "خەڵکی سووریە یەکێک لە خەونە لەمێژینەکانی خۆیانیان بەدی هێنا، ئەمڕۆ ئاهەنگی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆریەت دەگێڕن و ئێمەش هاوبەشی دڵخۆشیی ئەوانین".
پێشنوێژی هەینیی زاهیدان زیادیشی کرد کە شۆڕشگێڕانی سووریە دەبێ دەستپێشخەری بکەن بۆ چاکسازی و هیواشی خواست کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕان ببێتە هۆی بەزەیی بۆ نەتەوەکانی سووریە و بەرەبەرە چاکسازی پێویست لەو وڵاتەدا بکرێت و هەموو گوشارەکان لە سەر خەڵک دوور بخرێتەوە و چیتر خەڵک نەبێتە قوربانی.