کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتانیاهوو: ڕووخانی ئەسەد دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و حیزبوڵڵایە

12:52 - 19 سەرماوەز 2724

بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە ڕۆژێکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و حیزبوڵڵایە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات هیچ هێزێکی دوژمنکارانە لە سنوورەکانی خۆیدا نیشتەجێ بێت، بەڵام هاوکات دەستی ئاشتی و دۆستایەتی بۆ هەموو دانیشتووانی سووریە درێژ دەکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕێژیمی ڕووخاوی ئەسەدی بە ئەڵقەی ناوەندیی "مێحوەری شەرئەنگێزانەی ڕێژیمی ئێران" ناو برد و ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو لێدانانەیە کە ئیسرائیل لە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی داوە کە لایەنگرانی سەرەکیی ڕێژیمی پێشووی بەشار ئەسەد بوون.

بە وتەی ناتانیاهوو، ئەم لێدانانە کاردانەوەی زنجیرەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەو کەسانەوە وروژاند کە دەیانویست خۆیان لە ڕێژیمی ستەمکار و دڕندەی ئەسەد ڕزگار بکەن.

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە لێدوانێکی هاوشێوەدا، ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە گورزێکی سەخت "لە میحوەری شەڕەنگێزانەی ڕێژیمی ئێران، کە ئامانجی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە" ناو برد.
 ناوبراو بە بەراوردکردنی ڕێژیمی ئێران بە ئوختاپووس ڕایگەیاند کە باڵەکانی ئەم ئوختاپووسە یەک لە دوای یەک دەبڕدرێن.

هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بنکە ئاسمانییەکانی سووریەیان لە دەمێشق و باشووری ئەو وڵاتە بوردومان کرد و هەروەها چەکی پێشکەوتوو و تەقەمەنی و چەکی کیمیایی و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی سووریەیان کردە ئامانج.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستێوەردان لە ڕووداوەکانی ئێستای سووریە ناکات بەڵام ئامادەیە بەرگری لە دەوڵەتی ئیسرائیل بکات.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە ئاگادارەکان لە لوبنانەو ڕاپۆرتیان داوە کە حیزبوڵڵا هەموو هێزەکانی خۆی لە سووریە کشاندووەتەوە.