
سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا وێڕای پێشوازی له ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د و ڕێژیمەکەی، له‌مه‌ڕ ڕابردووی هێندێک له گرووپه چه‌کداره‌کانی سووریه‌وه نیگەرانیی خۆی دەربڕی.
جۆ بایدێن لەم پیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز وتی: "نیگه‌رانی هه‌وڵه تێرۆریستی و پێشێلکارییه مافی مرۆییه‌کانی هێندێک له گرووپه چه‌کداره‌کانی سووریه‌ین و نازانین دۆخی داهاتووی سووریه چی به سه‌ر دێت".
بایدێن له لێدوانەکەیدا زیادی کردووە، هێندێک له‌و گرووپه چه‌کدارانه‌ی کە ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌دیان له‌نێو بردووه، ڕابردوویەکی شه‌ڕەنگێزییان له بواری تێرۆریزمه‌وه هه‌یه و ئه‌مریکا له هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه بەو گرووپانه به ڕابردووی خۆیاندا به‌رده‌وامه.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختیشی کردووەتەوە کە ده‌بێت له‌وه دڵنیا بنەوە که ئایا سه‌رکرده‌کانی ئەم گرووپانە لە ڕابردووی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بنەوە یان نا.
ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له ساڵی ٢٠١٨ی زایینی‌دا به فه‌رمی گرووپی جیهادییکانی "هه‌یئه‌تی ته‌حریروشام"ی سووریه‌ی که ڕۆڵی سه‌ره‌کی له ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌ددا گێڕا، وه‌کوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و هەروەها یه‌کیه‌تیی ئورووپا، بریتانیا، تورکیه و هێندێک له وڵاتانی دیکه‌ش به فه‌رمی ئه‌و گرووپه‌یان به گرووپێکی تێرۆریستی له‌قه‌ڵه‌م داوه.
سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا له درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که ڕووخانی کتوپڕی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریه "کرده‌وه‌یه‌کی بونیادی دادپه‌روه‌رانه" له دوای چه‌ند ده‌یه سه‌رکوت بوو.
هه‌روه‌ها بایدێن هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی بۆ لاوازکردنی پشتیوانه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌د وه‌کوو ڕووسیه، ئێران و حیزبۆڵڵای به‌رز نرخاند و ئه‌و وڵاتانه‌ی به هۆکاری ئاڵۆزییه‌کانی سووریه زانی و پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە بۆ یه‌که‌مجاره ئه‌و وڵاتانه نه‌یانتوانی به‌رگری له حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د بکه‌ن.
ناوبراو لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە دا کە ڕوانگه و هه‌ڵوێستی ئەمریکا له‌مه‌ڕ ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گۆڕاوه.