
بێڕێزیکردن به گڵکۆی شه‌هیدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منییه‌تی و ئیدارییه‌کانی ڕێژیمه‌وه به‌رده‌وامه و ئه‌و کرده‌وه‌ش ناڕه‌زایه‌تیی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی لێکه‌وته‌وه.
ڕۆژی دووشه‌ممه ١٩ی سه‌رماوه‌ز، فه‌رهاد مه‌عرووفی، باوکی فه‌رزین مه‌عرووفی یه‌کێک له شه‌هیدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به بڵاوکردنه‌وه‌ی کورته ڤیدیۆیه‌ک ڕایگه‌یاندووه: "ئه‌گه‌ر ئه‌م حکوومه‌ته هه‌زاران جاریش به‌ردی گڵکۆی کوڕه‌که‌ی من یان هه‌ر شه‌هیدێکی تری ڕێگه‌ی ئازادی بشکێنێت یان بێ‌ڕێزییان پێ بکات، ئێمه بنه‌ماڵه مافخوازەکان به‌ردی نوێ و گڵکۆی نوێ داده‌نێینه‌وه".
هه‌روه‌ها فه‌رهاد مه‌عرووفی وتی: "ئێمه هه‌رچه‌ند له‌و هه‌وڵانه‌ی ڕێژیم بێزارین بەڵام له هه‌مان کاتیش‌دا دڵخۆشین، چونکه ئه‌و جۆره کرده‌وه و هه‌وڵانه نیشانده‌ری ترس و دڵه‌ڕاوکێی ڕێژیم و ده‌ستوپێوه‌ندییه‌کانییه له شه‌هیدان و گڵکۆکانیان".
له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا ناوبراو وتی: "نه ده‌به‌خشین، نه له بیری ده‌که‌ین".
فه‌رزین مه‌عرووفی، ٢٥ی سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣٧٩ی هه‌تاوی له مه‌هاباد له دایک بوو و دواتر له تاران نیشته‌جێ بوو کە له کاتی خۆشحاڵیده‌ربڕین له‌مه‌ڕ دۆڕانی تیمی فووتباڵی ڕێژیم به‌رانبەر بە ئەمریکا له جامی جیهانی له قه‌ته‌ر، به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمه‌وه شه‌هید بوو.