کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە لەگەڵ ڕێبەرانی نوێی سووریە وتووێژ بکات

11:07 - 20 سەرماوەز 2724

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە کە تاران ئامادەیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەرانی نوێی وڵاتی سووریە وتووێژ بکات تاکوو پێش بە ڕەوتی دوژمنکارانە لە نێوان دوو وڵات لە داهاتوودا بگیردرێت.

بەرپرسانی ئێرانی بەم هەواڵدەرییەیان ڕاگەیاندووە کە ئەم بابەتە بەهۆی ترسەوە نییە و تاران لە ڕێوشوێنە دیپلۆماتیکەکان بۆ پێوەندیگرتن بەو لایەنانەی کە کەسایەتییەکانیان لە ڕێبەریی نوێی سووریەدان و ڕوانگەیان لە کۆماری ئیسلامییەوە نزیکە، کەڵک وەردەگرێت.

بەرپرسێکی دیکەی تاران بە ڕۆیتێرزی وتووە: "نیگەرانیی سەرەکیی تاران ئەوەیە کە جێگرەوەی ئەسەد، سووریە لە سووڕگەی کۆماری ئیسلامی دوور دەخاتەوە یان نا".

ئەم بەرپرسە زیادی کردووە کە ئەگەر سووریە لە پاش ئەسەد ببێتە وڵاتێکی دوژمن، حیزبوڵڵای لوبنان لە تاکە ڕێگەی زەمینیی خۆی بێبەش دەکرێت و چیتر ئێران دەستی بە دەریای نێوەڕاست بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل ناگات.

کاربەدەستێکی باڵای کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ بارودۆخی هەنووکەدا ڕایگەیاندووە، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کە هاوکات لەگەڵ لەدەستدانی هاوبەشێکی گرینگ لە دەمێشق بەرەوڕووی هاتنەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی بوونەتەوە، ئامادەی هەڵسوکەوت و هەڵکردن لەگەڵ ڕێبەرانی نوێی سووریەن.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو و پاش هەڵاتنی ئەسەد و سەرکەوتنی دژبەرانی، ئاهەنگ و شێوەقسەی بەرپرسان و میدیاکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ناوهێنانی گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئەسەد گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەردا هاتووە.

لەکاتێکدا بەرپرسانی تاران لەسەر ئەو بڕوایەن کە خەڵکی سووریە دەبێت چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بە هاوکاریی بەشار ئەسەد سەرکوتی خەڵکی سووریە دەکات.