کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام بەرپەرچی هێرشی حوسییەکانی لە کەنداوی عەدەن دایەوە

10:20 - 12 سەرماوەز 2724

ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" ڕایگەیاند کە ناوشکێنەکانی هێزی دەریایی ئەم وڵاتە توانیان هێرشەکانی حوسییەکان لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی سەرماوەز لە کاتی تێپەڕین بە کەنداوی عەدەن بەرپەرچ بدەنەوە.

بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، ناوشکێنەکانی ئەمریکا توانیویانە هێرشی سێ مووشەکی بالیستکی دژە کەشتی و سێ دڕۆن و یەک مووشەکی کرووز بەرپەرچ بدەنەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم ناوشکێنانە سێ کەشتی بازرگانیی ژێر خاوەندارێتی و ئاڵای ئەمریکایان ئیسکۆرت دەکردت. ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی بە کەشتییە بازرگانییەکان و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا نەگەیاندووە.

بە وتەی سێنتکام، ئەم کردەوانە نیشاندەری پابەندبوونی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بۆ پاراستنی پێرسۆنێلی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکان و گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێرانە".

یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، میلیشیاکانی ئەم گرووپە بە ١٨ مووشەکی بالیستک و کرووز و دڕۆن ناوشکێنیکی ئامریکایان وێڕای سێ کەشتیی تەداروکاتی کردووەتە ئامانج.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە، حوسییەکان بە بیانووی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان زیاتر لە ٩٠ کەشتیی بازرگانییان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.