کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردن و دوورخستنەوەی چوار ئەندامی سەندیکای مامۆستایانی کوردستان لە دیواندەرە

12:25 - 20 سەرماوەز 2724

چوار مامۆستای کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە و ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن دەستەی بەدواداچوون بۆ سەرپێچکارییەکانی کارمەندانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم سزای دەرکردن و دوورخستنەوە لە شارەکانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز سێ مامۆستای خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی "ئومێد شامحەممەدی"، "کاوە محەممەدزادە" و "هیوا قوڕەیشی" لەلایەن دەستەی بەدواداچوون بۆ سەرپێچیکارییەکانی کارمەندانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە کارەکانیان دوور خرانەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، "پەرویز ئەحسەنی"، مامۆستایەکی دیکەی کوردی خەڵکی ئەم شارە، بۆ ماوەی ٥ ساڵ بۆ  شاری قوروە دوور خرایەوە.

پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی پێشتر بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدان ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم، بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ئومێد شامحەممەدی بە ٥ ساڵ زیندان سزا درابوون.

ئەم چوار مامۆستا کوردە لە ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بە لێدان و توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها هەنگاو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم چوار هاووڵاتییە لەکاتی دەسبەسەرکردنیاندا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کرابوون.

شایانی باسە ئەم چوار مامۆستا کوردە لە ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران.