کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد ئەلشەرع: سووریە گۆڕەپانی زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران بوو

17:15 - 20 سەرماوەز 2724

ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری گرووپی دژبەری ڕێژیمی بەشار ئەسەد پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد ڕەخنەی لەم ڕێژیمە گرت.

ئەحمەد ئەلشەرع کە بە ناوی "ئەبوومحەممەد جوولانی"یش دەناسرێ ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز پاش ڕاگەیاندنی هەواڵی ڕووخانی ڕێژیمی بەسار ئەسەد چووە نێو دەمێشق و دەسبەجێ سەردانی مزگەوتی مێژوویی ئومەویی دەمێشقی کرد و ڕوو لە خەڵکی سووریە، لێدوانی دا.

ڕێبەری گرووپی تەحریروشام لە یەکەمین وتاری خۆیدا وێڕای ئەوەی کە بەشار ئەسەدی بە خولقاندنی ئاڵۆزی و قەیرانی بەردەوام تۆمەتبار کرد، وتی سووریە لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، ببوو بە گۆڕەپانی زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسی تەشەنەسەندنی گرووپەکان و بەربڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە سوویە بوو و ئەم وڵاتەی کردبووە کارخانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر .

جوولانی هەروەها ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و سەرکەوتنی گرووپە چەکدارەکانی وەکوو دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە مێژووی ناوچە زانی و ئەمەی بە دەسکەوتێکی گەورە ناو برد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز، هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد پاش داگیرکردنی شارەکانی حەلەب، حەما، حومس و دەرعا، بە بێ خۆڕاگریی ئەرتەش و هێزە دەوڵەتییەکان چوونە نێو دەمێشق و دیکتاتۆریی ٥٣ ساڵی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی پێ هات.