بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ئانتۆنی بلینکێن ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەز وتی'': کۆتایی ڕێژیمی ئەسەد شکستە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دڕندەیی و گەندەڵییەکانی ئەو ڕێژیمەیان مومکین کرد، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبوڵڵا و ڕووسیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دا کە ڕەنگە داعش لەم ماوەیەدا هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی تواناکانی خۆی لە سووریە بدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە ڕێگریکردن لەو کارە سوورە.
ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ''سێنتکام'' ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە سووریە هێرشی کردووەتە سەر ٧٥ پێگەی داعش و هۆشداری بە پێکهاتەکان و ڕێکخراوە چالاکەکانی ئەم وڵاتە دا لە هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ ئەم گرووپە تێرۆریستییە خۆیان بە دوور بگرن.
بلینکێن ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم ساتەوەختە دەرفەتێکی مێژووییە، بەڵام مەترسییەکی بەرچاویش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
بە وتەی ناوبراو، ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، تۆڕی نفووزی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئێستا ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی بەهێزی عەرەب لەلایەن ئەو گرووپە جۆراوجۆرانەی کە جێگەی ئەو دەگرنەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناسەقامگیر و توندڕەوانە ببنەوە.