
گرووپە چەکدارەکانی سەرکەوتوو لە سووریە، سەرۆکوەزیرانی کاتییان بۆ ڕێبەریی کاتیی حکوومەتی داهاتووی سووریە دیاری کرد.
محەممەد ئەلبەشیر پێشتر بەڕێوەبەری وەزارەتی "ئەوقاف"ی حکوومەتی فریاکەوتنی گرووپی تەحریروشام لە پارێزگای ئێدلێبی سووریە و چەند ئیدارەیەکی دیکەی ئەم گرووپە لە ساڵانی ڕابردوودا بووە.
ئەلبەشیر پاش دیاریکردنی وەک سەرۆکوەزیرانی کاتی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتە کاتییەکەی لە سەرەتای مانگی مارسی ساڵی داهاتووی زایینییەوە کاروباری خۆی دەست پێ دەکات.
ناوبراو زیادی کردووە کە کابینەکەی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە بردووە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ئەم کابینەیە لە کارگرووپێکی بەشدار لە حکوومەتی فریاکەوتنی ئێدلێب و ڕێژیمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد پێک هاتووە تاکوو دۆسییەکان و دامەزراوەکان ڕادەستی حکوومەتی کاتی بکرێت.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری چەند سەرچاوەی ئاگادار لە دۆخی سووریەی پاش ئەسەد ڕایگەیاندووە کە گرووپە دژبەرەکان داوایان لە چەکدارەکانیان کردووە تاکوو لە نێو شارەکان بچنە دەرەوە و ئەمنییەتی شارەکان لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە گرووپی تەحریروشامەوە بپارێزرێت.
گرووپی تەحریروشام ساڵی ٢٠١٧ی زایینی لە چەند گرووپی جیهادی لە سووریە پێک هات کە لەلایەن ئەمریکا، کانادا، بریتانیا و یەکیەتیی ئورووپاوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندراوە.
ئەمریکا پێشتر بۆ ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری ئەم گرووپە کە ناوی ئەبوومحەممەد ئەلجوولانی لە سەر خۆی دانابوو، خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلاریی دیاری کردبوو.
وێدەچێت لە ئێستادا و لە سەرەتای دەسپێکی دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی سووریە لەلایەن تەحریروشامەوە، ئەم گرووپە بیهەوێت کە متمانەیەکی نێودەوڵەتی بۆ خۆی پێک بهێنێت.