کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بەهۆی هەککردنی بەربڵاو گەمارۆی خستە سەر کۆمپانیایەکی چینی و فەرمانبەرەکانی

11:07 - 21 سەرماوەز 2724

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کۆمپانیایەکی ئەمنییەتی سایبێری چینی، بە ناوی ''سیچوان سایلێنس ئینفۆرمەیشن تێکنۆلۆژی'' و یەکێک لە فەرمانبەرەکانی بە ناوی ''گوان تیانفێنگ''ی بەهۆی هێرشێکی سایبێری بەربڵاو کە بە وتەی بەرپرسانی ئەو وەزارەتخانەیە دەکرا ببێتە هۆی مردنی ئینسانەکان، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز بڵاو کراوەتەوە، ڕاگەیەندراوە کە ئەم کۆمپانیایە کە بنکەکەی لە شاری چێنگدۆیە، لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٠دا بەرنامەی زیانبەخشی لە زیاتر لە ٨٠ هەزار فایرواڵ داناوە کە هەزاران کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهاندا بەکاریان هێناون.

بە وتەی ئەو وەزارەتخانەیە، ئەو بەرنامە زیانبەخشە نەک هەر داتای دزیوە، بەڵکوو بۆ جێبەجێکردنی هێرشی ''باج ئەفزاری'' بەکار هێنراوە. ئەم جۆرە هێرشانە تۆڕەکانی شیرکەتەکان لە ڕێگەی بە کۆدکردنی زانیارییەکان پەک دەخەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، نزیکەی ٣٦ لەو فایرواڵانە هی ئەو کۆمپانیایانەن کە ژێرخانی گرینگ دەپارێزن و ئەگەر هێرشەکان پووچەڵ نەکرێنەوە یان کۆنتڕۆڵ نەکرێن، "دەکرێ زیانێکی گەورە یان زیانی گیانیان لێ بکەوێتەوە".

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، یەکێک لەو کۆمپانیایانەی وزە کە کراوەتە ئامانج، لە کاتی هێرشەکەدا بە شێوەیەکی چالاک خەریکی چالاکی بووە و ئەگەر ئەم هێرشە کۆنتڕۆڵ نەکرابا، کارکردنی دەکەڵە نەوتییەکانی تێک دەدا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نووسینگەی دادستانیی ئەمریکا، فەرمانبەری کۆمپانیا چینییەکەی بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری لە کامپیوتەر و ئینتێرنێتدا تۆمەتبار کردووە. بەو پێیە پۆلیسی فێدراڵی ئەمریکا (FBI)  بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەو گەنجە تەمەن ٣٠ ساڵەیە، کۆمپانیاکەیان یان چالاکییە پەیوەندیدارەکانی هاککردن بدات، خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلاریی دیاری کردووە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەم کۆمپانیایە پێشتر بە چالاکیی دیجیتاڵی زیانبەخش تۆمەتبار کراوە.