
ژیل که‌پڵ، پسپۆڕی ئیسلام و جیهانی عه‌ره‌ب، له وتووێژ له‌گه‌ڵ حه‌فته‌نامه‌ی "ئێکسپرێسـ"ـی فه‌رانسه‌یی وتوویەتی :" هه‌ڵاتنی به‌شار ئه‌سه‌د ڕێژیمی ئێران و "به‌ره‌ی مقاومه‌تـ"ـی تووشی شکستێکی گه‌وره کرد، ڕێژیمی ئێران ئه‌مڕۆ ده‌بێت له نێوان دوو بژارده‌ی ڕێفۆرم یان له‌نێوچوون یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت".
ژیل که‌پڵ وتوویه‌تی هێماگه‌لێکی زۆری که‌ڵه‌که‌بوو وه‌کوو؛ مردنی ئیبراهیمی ڕه‌ئیسی به شێوه‌ی گوماناوی، هاتنه‌سه‌رکاری مه‌سعوود پزشکییان به هاوکاریی سپای پاسداران، کوژرانی ئیسماعیل هه‌نییه له بناگوێی سپای پاسداران، ڕێژیمی ئێرانی تووشی قه‌یران و گرفت کردووە و ئه‌م نیشانه و هێماگه‌له به شێوه‌ی جیددی ڕێژیمی ئێرانیان وه‌له‌رزه خستووه.
هه‌روه‌ها که‌پڵ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردووەتەوە که به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی ڕێژیمی ئێران "ڕێفۆرم" به واتای ده‌رکردنی عه‌لی خامنه‌یی و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه‌یه به‌بێ بوونی مه‌لاکان له سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌دوور نییه له داهاتوودا ئێران ئاژاوه‌خولقێن ببێت.
هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌و پسپۆڕه فه‌رانه‌سییه باسی له‌وه کردووه ڕێژیمی ئێران له سه‌ر سێ کۆڵه‌کەی بێبه‌ریبوونی ڕێبه‌ری ڕێژیم له هه‌ر جۆره هه‌ڵه‌یه‌ک، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و حیجابی ژنان ڕاگیراوه و ئه‌مڕۆ ده‌بینین که له ئێران‌دا ژنان خه‌بات ده‌که‌ن له دژی لابردن و دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ یاسای حیجاب؛ له ئێستادا ڕێژیمی ئێران حه‌ماس، حیزبوڵڵا و ڕێژیمی سووریه‌ی بۆ شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ده‌ست داوه و ئه‌وانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه ڕێبه‌ری ڕێژیم بێبه‌ری نییه له هه‌ڵه و له ئێستادا خامنه‌یی له هه‌موو کات زیاتر ڕوو له ڕووخان و له‌نێوچوونه.
جێگای باسه ژیل که‌پڵ به‌نیسبه‌ت ئاکامی ئه‌و زیانانه‌ی ئیسرائیل به ڕێژیمی ئێرانی گه‌یاندووه وتوویه‌تی ئه‌و زیانانه له ئاستێکدایه که ڕوون نییه ڕێژیمی ئێران ته‌نانه‌ت بتوانێت ته‌واویه‌تی خاکی خۆی بپارێزێت.