کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد/ فەرماندەرانی سپا کەتوونەتە گیانی یەک

11:58 - 21 سەرماوەز 2724

ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد وەکوو یەکێک لە سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی، کێشە نێوخۆییەکانی سپای پاسدارانی زیاتر ئاشکرا کردووە و فەرماندەرانی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە کەوتوونەتە گیانی یەک.

ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە فەرماندەرانی سپای تێرۆریستیی پاسداران یەکتر بە هۆکاری ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و کەمبوونەوەی هێژموونیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە ئەزانن.

ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسانی سپاوە نووسیویەتی کە هیچکەس ئەم بەرپرسایەتییە لە ئەستۆ ناگرێ و کەسێکیش بیری لە هەڵاتنی ئەسەد نەدەکردەوە.

بەرپرسانی سپا گرینگیی مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەدیان نە بە هۆکاری خۆشویستنی ناوبراو، بەڵکوو بە هۆی پاراستنی نزیکیی کۆماری ئیسلامی بە ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، بە گرینگ دەزانی.

سووریەی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕێگەی سەرەکیی دابینکردنی چەکوچۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان و باقی میلیشیاکانی میحوەری شەڕ بە مەبەستی هەوڵی شەڕکەرانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەژمار دەکرا.

ئەم ڕۆژنامەیە لە درێژەدا نووسیویەتی کە ژمارەیەک لە فەرماندەرانی سپا، پاسداری تێرۆریست ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی لقی قودس بە تاوانباری سەرەکی دەزانن بەڵام کەس ناوێرێ ئەمە باس بکات.

هەروەها ژمارەیەک لە فەرماندەرانی سپا خوازیاری لابردنی ئیسماعیل قائانی بوون و ئەم داواکارییەیان بە عەلی خامنەیی وەک فەرماندەری گشتیی ڕێژیم ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی ترەوە و هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکانی دژبەرانی بەشار ئەسەد، خامنەیی چەندین جار فەرماندەرانی سپای بانگ کردووە و بە هۆی دۆخی هەنووکەیی بە توندی و بە تووڕەیی  لێپرسینەوەی لێ کردوون.

تێلێگراف لە زاری بەرپرسێکی سپاوە نووسیویەتی کە ئێستا فۆکۆسی کۆماری ئیسلامی لەسەر چۆنییەتیی چوونەدەرەوە لەم بنبەستەیە.

شایانی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە دەستێوەردان لە شەڕی نێوخۆیی چەندین ساڵەی سووریە و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ئەم وڵاتە، لە نێوان ٣٠ هەتا ٥٠ میلیارد دۆلاریشی لە ڕاستای بەرەپێشبردنی هەوڵە شەڕەنگێزەکانی خۆی لە سووریە خەرج کردووە کە بە ڕووخانی ئەسەد جارێکی دیکە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە شکستیان خوارد.