کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچکردنی زیاتر لە ٤ هەزار پزیشک و پەرستار لە ماوەی ٨ مانگدا

12:10 - 21 سەرماوەز 2724

بە هۆی گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانی کادری دەرمان، ئاماری کۆچکردن و هەوڵی پزیشکان و پەرستاران بۆ کۆچکردن لە ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە.

ڕۆژنامەی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی کە لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٤ هەزار و ٥٠٠ کەس لە کادری دەرمانی ئێران هەوڵی کۆچکردنیان داوە.

ئەم ڕۆژنامەیە لە درێژەدا نووسیویەتی کە لە ساڵی ١٤٠٢شدا حەوت هەزار پزیشک، پەرستار و کادری دەرمان لە ئێراندا، کۆچیان کردووە.

ئەم ڕۆژنامە حکوومەتییە کۆچکردنی ١١ هەزار و ٥٠٠ کادری دەرمانی لە کەمتر لە دوو ساڵدا وەکو ڕاستییەکی تاڵ ناو بردووە کە ئەگەر ڕێگەچارەیەکی بۆ نەدۆزرێتەوە، کۆمەڵگەی پزیشکی تووشی داڕمان دەکات و ئاسەوارە زیاندەرەکانی لە ئاستی ئێراندا دەبینرێن.

وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا، کانادا، عومان، ئیمارات و قەتەر وەکوو وڵاتانی ئامانج بۆ کۆچکردنی کادری دەرمان ناویان لێ دەبردرێت.

مووچەی کەمی کادری دەرمانیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی ئەم توێژە بە ئەژمار دێت، بە جۆرێک کە پەرستاران لە وڵاتانی ئورووپاییدا لە نێوان ٤ بۆ ١٠ هەزار دۆلار مووچە وەردەگرن، بەڵام مووچەی پەرستاران لە ئێراندا لە نێوان ٢٠٠ هەتا ٢٥٠ دۆلار بەراورد کراوە.

هەروەها هۆکارگەلێکی دیکەی وەک زێدەکاریی زۆرەملێ، نەدانی مووچەی دواکەوتوو، نەبوونی سەقامگیریی ئابووری، هەڵاوادن، گەندەڵیی ئیداری، داهاتووی کاریی کەم، نەبوونی خزمەتگوازری سەرەتایی، ناسەقامگیریی سیاسی و مەترسیی شەڕ لە باقی هۆکارەکانی کۆچکردنی کادری دەمان بە ئەژمار دێن.