بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٤دا لانیکەم سزای سێدارەی ١٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبر کە ١٦١ بەندکراو لە سێدارە درابوون، ٣٥ حاڵەت واتا ٢٢ لەسەدی کەم بووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی نۆڤامبردا لانیکەم سزای سێدارەی ٢٥ بەندکراوی کورد، ١٧ بەندکراوی تورک، ١٥ بەندکراوی بەلووچ، ٨ بەندکراوی گیلەک و ٦ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
هەروەها لانیکەم ١٠ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون.
لە ماوەی مانگی نۆڤامبردا لانیکەم سزای سێدارەی ٣ ژن لە بەندیخانەکانی ڕەشت، خوڕەماوا و قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە هەر سێ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە سەرجەم ئەو ١٢٦ بەندکراوەی کە لە مانگی نۆڤامبردا لە سێدارە دراون، تەنیا ٢ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای بەناو دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە.
هەروەها سزای سێدارەی ٥ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
لە ماوەی مانگی نۆڤامبردا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بووە کە ٦٢ حاڵەت واتا ٥٠لەسەدی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ٢٦ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە.
هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگاکانی فارس و تەورێز هەر یەک ١٠ حاڵەت، لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئێسفەهان ٩ حاڵەت و پارێزگای گیلان ٨ حاڵەت، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.