کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەنیسبەت یاسای حیجاب

12:24 - 21 سەرماوەز 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبردنی یاسای "عیفاف و حیجاب"ی پەرەدان بە سەرکوتی ژنان و کچان لە ئێران زانی و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە تاکوو سیستمی سەرکوتی ژنان پتەوتر بکات و ژیانی ڕۆژانەیان لەوەی کە هەیە ئەستەمتر بکات.

ئەم ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا هێناویەتی، ئەم یاسایە دەسەڵاتی بەسیج، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی زیاتری ژنانی کۆمەڵگا بەربڵاوتر دەکات و ئەم هێزانە لە سزادان لەم پێوەندییەدا دەپارێزێت.

بەیاننامەکە هۆشداریی داوە کە یاساکانی حیجابی زۆرەملێ، کۆمەڵێک لە مافەکانی وەک مافی هاوسانی، دەربڕینی بیروڕا، مافی هەرێمی تاکەکەسی، نەبوونی هەڵاواردن، مافی دیاریکردنی چارەنووسی کەسایەتی و بڕوا و ئایینی تاکەکان، پێشێڵ دەکات و کردەوەی هۆڤانە و نامرۆڤانە لە کۆمەڵگا زیاد دەکات.

دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە ئاماژەدان بە یاسای نوێی حیجاب هۆشداریی داوە، ئەم یاسا شەرمەزارکەرە پەرە بە سەرکوتی ژنان و کچانێک ئەدات کە پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوێرانە پێداگرییان لەسەر مافەکانی خۆیان کردووە.

ئەلتەحاوی بە وەبیرهێنانەوەی بەرپرسیارەتیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە تاکوو لەهەمبەر سەرکوت بێدەنگ نەبن و بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی یاسای حیجاب، گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی.

ڕێکەوتی ٧ی سەرماوزی ئەمساڵ سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە یاسای "عفاف و حیجاب" ٢٣ی مانگ بۆ چوونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە ڕادەگەیەندرێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاردانەویەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر ئەم یاسایە هاتووەتە ئاراوە.

کارناسان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان ئەم یاسایە بە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی چەند قاتی ژنان و کچان، بەتایبەتی پاش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران دەزانن.