
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، خاتوو فاتمە سەدری لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هێلسینگبۆری وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو فاتمە سەدری هاوسەری تێکۆشەری کۆچکردووی گەلەکەمان مامە قالە شۆڕش و دایکی کاک جەمال فەتحیان و کاک ئازاد بانەیی بوو. ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئامێزی بنەماڵەیەکی کوردپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵهێنا.
بنەماڵەی خاتوو فاتمە بە هۆی زەبر و زەنگ و هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی ئێرانەوە، بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەی "بان هۆبەتوو و لەیلاخ" ەوە پەروازە ئەبن و لە شاری بانە دەگیرسێنەوە.
خاتوو فاتمە سەدری ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لەگەڵ تێکۆشەرێکی دێرین مامە قالە شۆڕش دا ژیانی هاوبەش پێک دێنێ. هەر لە مانگەکانی سەرەتای ژیانیدا و بە هۆی ئەندامەتی مامە قالە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا و بۆ پاراستنی نهێنییەکانی هاوسەرەکەی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی حیزبی دێموکرات، دەبێتە ئەندامی سوێندخواردووی حیزب.
بە درێژایی تەمەنی ڕێژیمی ڕووخاوی پەهلەوی ماڵی فاتمە خانم دەبێتە بنکەی کۆبوونەوە نهێنییەکانی ئەندامانی ئەو سەردەمی حیزب لە ناوچەی بانە و تەنانەت بنکەی حەسانەوە و خۆحەشاردانی تێکۆشەرانی ئەو سەردەمەی حیزب کە بۆ چالاکی سیاسی لە باشووری کوردستانەوە ڕوویان لە نێوخۆی وڵات دەکردەوە. هەر ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ماڵەکەیان بەردەوام لە ژێر چاوەدێری چڕی دامودەزگای سەرکوتکەری "ساواک" دا بێت. بە هۆی گیران و دەربەدەری مامە قالەوە زۆر جار ئەرکی بەخێوکردن و پاراستنی منداڵەکانیان دەکەوێتە سەرشانی فاتمە خانم و ئەویش وەک هەموو شێرە ژنانی کورد، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەو ئەرکە قورسە بەجێ دەگەیەنێت.
لە دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی و داسەپانی شەڕ بە سەر گەلی کورد دا، خاتوو فاتمە بە ناچاری ماڵ و ژیانی لە ناوشاری بانە جێ دێڵێت و ڕوو لە گوند و ناوچە ئازادەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەکات.
بە درێژایی دەیان ساڵ شۆڕشی بەردەوامی هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاتوو فاتمە لە خزمەت حیزبەکەیدا و شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دا بوو. ئەو جگە لە خزمەتی هاوسەر و دوو کوڕ و کچە پێشمەرگەکەی، ماڵەکەشی ببووە بنکە و جێگەی حەسانەوەی پێشمەرگە لە هەردوو دیوی سنوور. چەندین جار کەلوپەلی نێوماڵی بە هۆی هێرشی ڕێژیم و داگیرکردنی شوێنی ژیانی سووتینرا و بە تاڵان برا.
سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ بۆ پاراستنی گیانیان لە چنگ تیرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامی لە باشووری کوردستان، خاتوو فاتمە و مامە قالەی هاوسەری و کوڕەکانی ڕوویان لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گیرسانەوە. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەش دا لە هەندەران، خاتوو فاتمە لە حیزبەکەی دانەبڕا و لە گشت چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبییەکاندا بەشدار بوو.
خاتوو فاتمە سەدری سەرەنجام دوای ماوەیەک نەخۆشی و بە هۆی چوونە سەری تەمەنییەوە مەرگ مەودای نەدا ئازادی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، کە دەیان ساڵ بۆی تێکۆشا، بە چاوی خۆی ببینێ و بۆ دواجار ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.