کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانگەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لەبارەی ڕووداوەکانی سووریە

18:14 - 21 سەرماوەز 2724

لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێوەندیدار بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی وڵاتی سووریە، ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٠/١٢/٢٠٢٤ی زایینی، لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی‌دا بارودۆخی سووریەی دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و پێشهاتە سیاسییەکان لەم وڵاتەی تاوتوێکرد.

دوای لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و ڕووداوەکانی سووریە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مێژوو و ڕابردووی ئەم پێشهات و ڕووداوانە، ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەم چەند خاڵانەی خوارەودا بەشێک لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەکانی دەخاتە ڕوو:

-   مێژوو نیشانی داوە کە دیکتاتۆرەکان هەرچەند مڵهوڕ و داپڵۆسێنەر بن و بە گرتنەپێشی سیاسەتی زۆر و سەرکوت تەمەنیان درێژ بکەنەوە، لە کۆتاییدا بەرانبەر بە ئیرادەی خەڵک و هاوکێشە سیاسییەکان و نەیارانیان بەچۆکدادێن و چارەنووسیان ڕووخان و هەڵاتنە. "بنەماڵەی ئەسەد"یش دوای ٥٤ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتیی زاڵمانەیان بەسەر خەڵکی سووریەدا بەدەر نەبوون لە چارەنووسی هەموو ئەو دیکتاتۆرانەی کە لە مێژوودا خەڵکەکەیان سەرکوت و چەوساندۆتەوە. بۆیە سروشتی بوو کە ئەو شێوە دەسەڵاتدارییە ڕۆژێک کۆتایی پێ‌دێت و ئیرادەی گەل بەسەر زوڵم و زۆریی دیکتاتۆردا سەردەکەوێ.

-  شێوازی دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد، پشتگوێخستنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی سووریە و سەرکوتی بێ‌بەزییانەیان و تەنانەت ڕێگەدان بە ڕێژیمێکی لەخۆ دیکتاتۆرتری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی و سەرکوتی ئازادیخوازانی وڵات، ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەی تووشی هاتن. کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای بەفیڕۆدانی دەیان میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران و حزووری سەرکوتکەرانەی لە سووریە لەسەر داوای بەشار ئەسەد، زیاتر لە ١٢ ساڵ بوو وێڕای سەرکوتی خەڵکی دژبەری  ئەسەد، بە دەستئاوەڵڵاییەوە تەڕاتێن و دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا دەکرد و کردبوویە پێگە و ناوەندێک بۆ دامەزراندن و پەروەردەکردنی دەستە و تاقمی جۆراوجۆری چەکداری تێرۆریستی. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە وڵاتی سوورییەیان بە قووڵایی ستراتیژی خۆیان و سەکۆیەک بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامە سەربازییەکانی بەرەی بە ناو "مقاومەت" دەزانی. بۆیە دەکرێ ڕووخانی بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەی بە بەشێک لە ئاکامی زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی لە سووریە کە تێکەڵ بە سەرکوتی گەلانی ئەم وڵاتە بوو، بزانین.

-  لەگەڵ ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان لە سووریە ئاڵۆزیی خۆیان هەیە و تا ئیستاش تێڕوانین و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی شوێندانەر لەسەر ڕەوتەکە زۆر ڕوون نیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە گەلانی سووریە ئەزموون لە مێژوو وەربگرن و واقیعبینانە و بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە زاتییەکانی وڵاتەکە، پێکهاتەی وڵات کە لە گەلان و ئایینزای جیاواز پێک هاتووە، هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بەرپرسانە هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بیر لە درووستکردنەوەی سووریەی داهاتوو بکەنەوە. بۆ ئەوەش دەبێ خەڵکی ئەم وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی خۆیان کار لە چارەنووس و دواڕۆژی وڵاتەکەیان بکەن. کار بۆ پێکهێنانی نیزامێکی سیاسی – دێموکراتیک کە مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێ و دەسەڵاتێکی وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک دامەزرێنن و، وەک دەرفەتێکی مێژوویی سەیری گۆڕانکارییەکان، بەتایبەت کۆتاییهاتن بە حزووری نیزامی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتەکەیان بکەن و بە دەستی خۆیان چارەنووسی گەل و وڵاتی سووریە دابڕێژنەوە.

-  مافی خەڵکی سووریەیە کە داوای لێپێچینەوە و دادگاییکردنی بنەماڵەی شەخسی "بەشار ئەسەد" بکەن و بە خستنەڕووی بەڵگەی ئەو هەمووە جینایەتەی دەرحەق بە خەڵکی سووریە، ئازادیخوازانی وڵات و زیندانیانی سیاسی و جیابیران کردوویەتی، ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێت و بە سزای خۆی بگەیەندرێ. لە هەمان کات‌دا بە مافی خەڵکی سووریەی دەزانین بەرانبەر بەو هەمووە سەرکوت و خیانەتانەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شان بەشانی هێزی سەرکوتکەری بەشار ئەسەد بەوان و وڵاتەکەیان کردوویەتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکەن.

- گەلی کورد لە سووریە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای فیداکاری و قوربانیدانێکی زۆر ئەزموونێکیان لە "دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری" بەدەستهێناوە، پێویستە بە خوێندنەوە و لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەت بە ڕۆژاوای کوردستان پارێزگاری لە دەسکەوتەکانیان بکەن. هێزە سیاسییەکان ڕۆژاوای کوردستان لەم بارودۆخەدا لەسەریانە وێڕای کارکردن بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە نێو خۆیان‌دا، بە وریاییەوە لەگەڵ دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەمیان مامەڵە بکەن.

-  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیروزبایی لە گەلانی سووریە و مەحکوومکردنی سەرکوت و جینایەتەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ئاواتی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئازادی لە سووریە، سەرجەم گەلانی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیا دەکاتەوە کە چارەنووسی دیکتاتۆری لە ئێرانیش وەک چارەنووسی هەموو ئەو دیکتاتۆرانە دەبێ کە ڕووخان و بۆ هەمیشە رێسوا بوون. بۆ هێنانە دیی ئەم ئاواتە لەمێژینەی خەڵکی ئێران پێویستە هێزە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم بەرپرسیارانە لێک‌کۆببنەوە و بە گرێدانی هێز و قورسایی خۆیان لەگەڵ هێز و ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی گەلانی وڵات، ئەرک و ڕەساڵەتی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣

١١ی دێسامبری ٢٠٢٤